سەرچاوەیەک لە حکومەتی سوریا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: دەوڵەت هیچ هەڕەشەو مەرجێکی پێشوەختەی قبوڵنەکردوەو قبوڵ ناکات.
کەناڵی حەدەس لە زاری سەرچاوەیەکی سەر بە حکومەتی کاربەڕێکەری سوریاوە بڵاویکردەوە، "دیالۆگی نیشتیمانی راستەقینە لە ژێرفشاری چەک و پشتبەستن بە هیچ لایەنێکی دەرەکی ناکرێ".
ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی سوریا رونیشیدەکاتەوە: هەر هەوڵێک بۆ پاراستنی بونی چەک و جوداخوازی دەبێتە هۆی گرژی و دوبەرەکی و هەربانگەوازێک بۆ ناسنامەی سەربەخۆ بە جوداخوازی و قبوڵنەکراو دادەنرێت.
ئەم وتانەی سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریا لە کاتێکدایە بڕیاربو لە فەڕەنسا کۆبونەوەی نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەریی لە باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لە گەڵ وەفدی حکومەتی کاربەرێکەری سوریا کۆببنەوە، نوێنەری ئیدارەی خۆسەریی لە فەڕەنسا رایگەیاند؛ کۆبونەوەی نوێنەرانی ئیداری خۆسەریی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ وەفدی حکومەتی کاربەڕێکی سوریا دواخرا.
کەریم قەمەر، نوێنەری ئیدارەی خۆسەریی لە فەڕەنسا رایگەیاند؛ بڕیاربو لە پاریس بە ئامادەبونی سەرۆکی فەڕەنسا و نوێنەرانی بەریتانیا و ئەمەریکا، کۆبونەوەی نێوان شاندی خۆسەریی رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی کاربەڕێکەری سوریا بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بڕیاربو لە کۆبونەوەکەدا مەزڵوم عەبدی، وەکو فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە بەشداریی بکات.
تائێستاش هیچ رونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دواخستنی کۆبونەوەکە نەدراوە.
1064 جار خوێندراوەتەوە