بۆ گەڕانەوەی گەشتیاران... نرخی بلیت بۆ زیاتر لە 3000 دۆلار بەرزبوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
05:00 - 16/06/2025
کوردستان
+
-

بەهۆی زیادبونی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەروەها داخستنی ئاسمانی عێراق، گرفتی گەورەی بۆ گەشتە ئاسمانییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دروستكردوە و نرخی بلیتێكیش بۆ زیاتر لە (3000) دۆلاری ئەمەریكی بەرزبونەتەوە.

 

 

هەواڵ: (KNNC)

 

پەیامنێری (KNN) رایگەیاند: بەهۆی دروستبونی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، داخستنی ئاسمانی عێراق و هەرێم بەڕوی فڕۆكەكاندا، ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیانی هەرێم لە خوێندكارانی مالیزیا، بازرگانەكان و ئەو كەسانەی بۆ سەردانی كەسوكاریان لە ئەوروپا گەشتیان ئەنجامداوە، گیریان خواردوە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

 

وتیشی: ژمارەیەكی زۆر لە ئەو گەشتیارانە پەیوەندی بەنوسینگەكانی دابینكردنی بلیتی گەشتەكان لەهەرێم دەكەن، داوا دەكەن بەخێرایی بلیتی گەڕاندنەوەیان بۆ بكڕن، ئەوەش وایكردوە نرخی بلیت بەرزبێتەوە.

 

رونیكردەوە؛ بەهۆی وەستانی سیستەمەوە، ژمارەیەك لە ئەو گەشتیارانەی گەڕانەوەیان ئەستەمبوە، بەتایبەتی گەشتیارانی مالیزیا و سریلانكا، هەر بە ئەو هۆیەشەوە نرخی بلیتی گەڕاندنەوەیان بۆ زیاتر لە (3000) دۆلاری ئەمەریكی بەرزبوەتەوە.

 

پەیامنێر (KNN) ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەهۆی ئەو گرژیانەی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی دوای دروستابونی جەنگی نێوان تاران و تەلئەبیب، رۆژانە گەشتەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم و عێراقیش هەڵدەوەشێندرێنەوە، تاكە فڕۆكەخانەش كە دەتوانێت گەشت ئەنجام بدات، فڕۆكەخانەی بەسەرەیە ئەویش تەنها بەڕۆژدا.

 

راشیگەیاند: بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەشتیارانەی گیریان خواردوە، بەبڕیاری محەمە شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران فڕۆكەیەكی تایبەت تەرخان دەكرێت و لە یەكێك لەئەو وڵاتانەی لەلایەن هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە دیایدەكرێت گەشتیاران دەگەڕێنێتەوە.

 

سلێمانی - بڕیار نامیق

1077 جار خوێندراوەتەوە