دەرچوانی بەشە پزیشکییەکانی هەولێر و سلێمانی گردبونەوە، پزیشکانی
دانەمەزراوی هەولێر داوا دەکەن وەزیری تەندروستی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری
تەندروستی حکومەتی هەرێم دەکەن، هۆشداریش دەدەن تا داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت
لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبن.
هەواڵ:KNNC
بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان لە بەردەم وەزارەتی
تەندروستی لە هەولێر گردبونەوە و لەبەیاننامەیەکدا هۆشدارییان دایە حکومەت و
رایانگەیاند، داوکارییەکانیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتگوێ خراون.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە، لیژنەیەک لەناو ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی
گرفتەکانیان پێکهێنراوە، بەڵام کارەکانی لیژنەکە بە سیستی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا
هیچ ئەنجامێکی نییە.
پزیشکانی دانەمەزراوی هەولێر، داوا دەکەن، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم دەستلەکاربکێشیتەوە،هەروەها
نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکاکانی پزیشکان بگۆڕێن و لەشوێنیان کەسانی
هەڵوێست دابنرێن.
هاوکات، سەرەکیترین داواکارییەکانیان دامەزراندن و دەستپێکردنەوەی سیستمی
پلەبەندییە کە بەوتەی خۆیان، بەهۆی راگرتنی ئەو سیستمەوە ژمارەیەک زۆر لە پزیشکانی
گەنجی دامەزراو زەرەمەند بون.
ژمارەی پزیشکانی دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستان 778 پزیشکە، هۆشداری دەدەن تا ئەو
کاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانیان
بەردەوام دەبن.
هاوکات، پزیشکانی گشتی دانەمەزراو لە سلێمانی گردبونەوە و رایانگەیاند، ساڵێکە
خوێندنی پزیشکییان تەواوکردوە و تا ئێستا دانەمەزراون، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم
بە جدی لەسەر داوکارییەکانیان بێتە دەنگ و بەزوترین کات دایانبمەزرێنت.
377 جار خوێندراوەتەوە