هەرێمی کوردستان؛ رێنمایی نوێی تۆمارکردنی تاکسی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە

KNN : Kurdish News Network
09:21 - 28/04/2025
کوردستان
+
-

رێنمایی ژمارە (3ـی ساڵی 2025)ـی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم دەڵێت: تەنها ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.


هەواڵ: (KNNC)


بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم بڵاویكردەوە؛ لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بەئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە و رێنمایی ژمارە (3ـی ساڵی 2025)ـی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


ئەوەیخستوەتەڕو، بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە؛ ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە و بەشێوەی یاسایی و فەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان كراون، مافی تۆمارکردنییان  وەکو تاکسی دەبێت.


رونیكردوەتەوە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە کەمخەرجی و دۆستی ژینگەن کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، یان  ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شلی (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV)ـین وەکو تاکسی بێ رسومات ئاسانکاری تەواویان بۆ تۆمارکردنیان کراوە.


هاتوچۆی هەرێم راشیگەیاندوە: بە گوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.


هەروەها، بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردە کراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنها ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی (74) جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین (89) جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.

 

لەم لینكەوە جۆرەكانی ئۆتۆمبێلی رێگەپێدراو بۆ تاكسی بخوێنەرەوە

1248 جار خوێندراوەتەوە