"ئامادەكاریەكانی کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا كۆتایی هاتوە"

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 24/04/2025
کوردستان
+
-

بەمەبەستی پێکهێنانی شاندی هاوبەش بۆ گفتوگۆكردن و پێشكەشكردنی دیدگای سیاسی كورد بە دیمەشق، کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا رۆژی (26ـی نیسانی 2025) بەڕێوەدەچێت و ئەندامێكی ئامادەكاری كۆنفرانسیش دەڵێت: ئامادەكارییەكان كۆتاییان هاتوە.


هەواڵ: (KNNC)


عەبدولوەهاب خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری كۆنفرانس، بەمیدیاكانی رۆژئاوای راگەیاندوە: دوێنی چوراشەممە (2025/4/23) لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە کۆبونەوە و بڕیاریانداوە كە، بێجگە لە لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوی کۆنفرانسەکە، بانگهێشتی ئەو ئەندامانە بكەن لەلایەن لیژنەی ئامادەکارییەوە دەستنیشانکراون.


 وتوشیەتی: ناوەی ئەندامەكان لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەوە دیاریكراوە بۆ لیژنەی ئامادەکاری، لیژنەی ئامادەكاریش لای خۆیانەوە بانگهێشتی ئەندامەكان دەکەن، جەختی لەوەش كردوەتەوە كە نوێنەری لایەنە کوردییەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.



لای خۆشییەوە، سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاندوە: ئامادەبون لە كۆنفرانسەكە سنوردار دەبێت تەنها بۆ ئەوانەی ئێستا لە (رۆژئاوا) باکوری سوریا نیشتەجێن كە ژمارەیان زیاتر لە (300) ئەندامە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.


میدیاكانی رۆژئاوا ئەوشیان خستوەتەڕو، لە کۆنفرانسی یەک هەڵوێستی کورد لە سوریادا، بڕیار لەسەر  پێکهێنانی وەفدێكی هاوبەش دەدرێت كە دیدگای سیاسی كورد پێشكەش بەئیدارەی دیمەشق دەكات، كە لە كۆنفرانسەكەدا ناوی شاندەكە و ژمارەی ئەندامەكانی دیاری دەكرێن.


پیشتر، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئاشكرایكرد كە رۆژی (26ـی نیسانی 2025) کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی کورد لە سوریا بەڕێوەدەچێت.

105 جار خوێندراوەتەوە