راپۆرت:KNNC
شەش رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر تەقینەوەی پەیجەرەکانی
حیزبوڵا، هەر رۆژە و نهێنییەک دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا وێنەکە بەتەواوەتی رون نییە
و ئیسرائیلیش راستەوخۆ دانیبەوەدا نەناوە کە لەپشت روداوەکەوە بێت.
میدیا جیهانییەکان باس لەژنێک دەکەن کە لە روداوی تەقینەوەی پەیجەرەکانی
حیزبوڵادا تێوەگلاوە، ئەو ژنە کە پسپۆڕی
بواری فیزیایە و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری تەنۆکەکاندا، دەتوانێت بە حەوت
زمان قسەبکات، ئەو ئێستا بە مامەڵەکردن بە پەیجەرەکانەوە تێوەگلاوە و بە یەکێک لە
تۆمەتبارە سەرەکییەکان دادەنرێت.
تەقینەوەی پەیجەرەکانی حزبوڵڵای لوبنان رۆژی سێشەممە کوژران و برینداربونی هەزاران کەسی لێکەوتەوە،
بەگوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکرانەتەوە لە پاشماوەی پەیجەرەکان، کۆمپانیای "گۆڵد
ئەپۆلۆ"ی تایوانی بەرهەمی هێناوە، بەڵام هەر زو ئەو کۆمپانیایە ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: کۆمپانیای هەنگاری "BAC Consulting" بەپێی گرێبەستێکی سێ ساڵە مۆڵەتی بەرهەمهێنانی
ئەم پەیجەرانەی لە ئەوروپا هەیە و ئەوان بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی نەک ئێمە.
کۆمپانیای BAC
Consulting کێیە؟
کۆمپانیای BAC
Consulting لە مانگی( ئایاری 2022)ـە وە لە هەنگاریا
تۆمارکراوە و هیچ نوسینگەیەکی فەرمی نییە، تەنها لە نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەیەکی شاری بوداپێستی پایتەختی
هەنگاریادا لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەدا هاوبەشە و لە ئێستادا تێوەگلاوە بە مامەڵەکردن
بە پەیجەرەکانی حیزبوڵاوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو ماڵپەری کۆمپانیاکە، کە
لە رۆژی چوارشەممەوە ئۆفلاین بوە، کۆمپانیای BAC لە بواری "ژینگە و گەشەپێدان و کاروباری نێودەوڵەتی" و هەروەها
118 بوارى دیکە کاردەکات، لەوانە شەکر، بەرهەمهێنانی نەوت، فرۆشتنی تاکەکەسی زەڕەنگەری
و دەرهێنانی غازی سروشتی.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم کۆمپانیایە خانمێکی
قژ ڕەشە بە ناوی کریستیانا بارسۆنی، لە ئێستادا
یەکێکە لەو کەسانەی دەستی تۆمەتی بۆ درێژ دەکرێت و گوماندەکرێت لە تەقینەوەی پەیجەرەکانەوە
تێوەگلابێت.
بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای BAC، کە کریستیانا بەڕێوەبەری
جێبەجێکاریەتی ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 2022دا نزیکەی 725 هەزار دۆلار و لە ساڵی
2023دا 593 هەزار دۆلاری بەدەستهێناوە، هەروەها کۆمپانیاکە لە ساڵی رابردوودا 324
هەزار دۆلاری خەرجکردوە کە دەکاتە 55%ی داهاتەکەی، بۆ کڕینی ئامێرەکان.
کریستیانا.. ئەو ژنەی تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە
تەقاندنەوەی پەیجەرەکان
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC)ـی
ئەمەریکی، کریستیانا رەتیکردەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لە بەرهەمهێنانی ئەو پەیجەرانەدا،
ئەو وتويەتی: من تەنها وەک نێوەندگیڕێک کارم تێداکردوە.
لە دوای چاوپێکەوتنەکەی کە رۆژی چوارشەممە بوە،
لە چاوی میدیاکان و خەڵکیش ونە و کەس نەیبینیوە، دایکی کریستیانا بە میدیاکانی راگەیاندوە
کچەکەی بەمەبەستی پاراستنی، لەژێر چاودێری چڕی دەزگای نهێنییەکانی هەنگاریادایە و ئاماژەی
بەوەش کردوە چەندین هەڕەشە لە کەس و شوێنی
نەناسراوەوە بۆ کچەکەی هاتوە؛ کریستینا لە
شوقەکەیەکدا لە شاری بوداپێستی پایتەختی وڵاتەکە، لە دوای روداوەکەوە شوقەکەشی چۆڵە و دراوسێ و هاوڕێکانی هیچ هەواڵێکیان لەبارەیەوە
نییە.
لەبارەی کەسایەتی کریستیاناوە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی
باسیان لەوە کردوە ژنێکی بێ ئەندازە زیرەک بوە و بەردەوام بە دوای داهاتی زۆردا گەڕاوە و ویستویەتی بە کەمترین کات زۆرترین
داهات کۆبکاتەوە.
هەروەها لەم دواییانەدا لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئەوروپا
وەک "شارەزای هەڵسەنگاندن" و وەک "بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی ژێر
زەوی" بۆ یونسکۆ لە ئەفەریقا کاری کردوە.
کریستیانا بارسۆنی لە شاری سیسیلیای ئیتاڵیا لەدایکبوە،
بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی کاتانیا و دکتۆرای لە فیزیادا لە بواری تەنۆلکەکان لە
زانکۆی کۆلێژی لەندەن وەرگرتوە، لە ئێستادا هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نییە و نازانرێت
دۆسییەکەی بە کوێ گەیشتوە.
لەلای خۆشیەوە حکومەتی هەنگاریا کە کۆمپانیاکای کریستیانا لە پایتەختەکەیداییە،
رایگەیاند بو کە ئەو پەیجەرانە نێردراوە بۆ حیزبوڵا دەستی هەنگاریای تێدا نییە و پێدەچێت
کۆمپانیای BAC Consultants تەنها وەک نێوەندگیرێک مامەڵەیان کردبێت.
دەسەڵاتدارانی هەنگاریا باسیا لەوەش کردوە ئەو
پەیجەران هەرگیز نەچونەتە ناو هەنگاریاوە و لەوێشەوە نەنێردراون بۆ هیچ شوێنێکی تر.
وتوشیانە: لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کۆمپانیایەکە دەستپێکردوە
کە گومانی لێدەکرێت دەستی هەبوبێت لە دابینکردنی
ئەو پەیجەرانە بۆ حیزبوڵا.
لە ئێستادا نە کۆمپانیاکە و نە کریستیاناش هیچ
زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە و نازانرێت، کەیسەکەیان بەکوێ گەیشتوە، لە رۆژی
چوارشەممەوە ماڵپەری کۆمپانیاکە ئۆفلاین بوە و خودی بەڕێوبەری جێبەجێکارەکەشی هیچ
هەواڵێکی نییە .
رۆژی سێشەمە کاتژمێر (3:30) دوانیوەڕۆ، لە روداوێکی
دەگمەن و پێشهاتێکی نوێدا زنجیرەیەک تەقینەوە لە پەیجەرەکانی حیزبوڵای لوبنان رویداو
و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و زیاتر لە دو هەزاری تریش بریندار بون، روداوەکە هەر زو کاردانەوەی ناوخۆی، هەرێمی و نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە.
نەتەوەیەکگرتوەکان ئیدانەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی
پەیوەندی لە لوبنان کرد و رایگەیاند: ئەو
کارە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوە و لە بەرامبەردا ئیسرائیل تا ئێستاش بە
راستەوخۆ بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی پەیجەر و تۆڕە بێ وایەرەکانی حیزبوڵای لە ئەستۆ
نەگرتوە.
حیزبوڵای لوبنانی کە قوربانی یەکەمی روداوەکەیە،
رایگەیاندوە وەڵامان بۆ ئەو هێرشەی ئیسرائیل زۆر توند دەبێت، بۆ ئەمکارەیان دەبێت باجی قورس بدەن.
ئامادەکردنى: بڵند عەبدولکەریم
260 جار خوێندراوەتەوە