وەزیری دارایی هەمو ئەو دەنگۆیانە رەت
دەكاتەوە كە دابەشكردنی موچە دوادەكەوێت و رایدەگەیەنێت: نەختینەیی پێویست
لەبەردەستدایە و لەكاتی خۆیدا موچە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دابەشدەكرێت،
هاوكات راوێژكاری سەرۆك وەزیران جەخت دەكاتەوە دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری لەسەر
موچە نابێت.
هەواڵ: (KNNC)
تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابوری
حكومەتی ناوەندی لە وڵامی پرسیارێكی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
رایگەیاندوە: موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن
دابەشدەكرێت.
وەزیری دارایی جەختی كردوەتەوە، ئەو
دەنگۆیانەی باس لە دواكەوتی موچەی موچەخۆران دەكات دورە لە راستییەوە.
تەیف سامی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، نەختینەیی
پێویست لەبەردەستدایە و لەكاتی خۆیدا موچە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دابەشدەكرێت.
لای خۆشیەوە، مەزهەر محەمەد، راوێژكاری
سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی بە میدیا عێراقییەكانی رایگەیاندوە: ئەو
دەنگۆیانەی لەسەر دواكەوتنی موچە بڵاوكراونەتەوە سەرلەبەری ناڕاستە، دابەزینی نرخی
نەوت كاریگەری لەسەر دابەشكردنی موچە نابێت.
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق
وتوشیەتی: لەریزبەندی خەرجییەكانی حكومەت، موچە كاری لەپێشینەیە لەبەر ئەوەی
پەیوەندی بە گوزەرانی بەشێكی زۆری هاوڵاتییانی وڵاتەوە هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە
موچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتیی دوا ناكەوێت.
1662 جار خوێندراوەتەوە