بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ گردبونەوە و داواى دامەزراندن
دەکەن و لە ئەگەرى وەڵامنەدانەوەیاندا هەڕەشەى بایکۆت دەکەن و دەڵێن: هەر زیانێک
بەر خوێندن بکەوێت ئەوان لێی بەرپرسیار نابن.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشێک لە مامۆستایانى وانەبێژ
لە سنورى ئیدارەى راپەڕین گردبونەوە و لەبارەى داواکارییەکانیانەوە بە کەى ئێن
ئێنیان وت: ئەگەر وەک ساڵانى رابردو وەڵامى داواکارییەکانیان نەدرێتەوە هاوشێوەى رابردو بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندن دەکەن.
ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە بەڵێنەکانى حکومەتى
هەرێمى کوردستان بۆ داواکانیان وەک بڵقى سەر ئاوە و هیچیان جێبەجێ ناکرێن، کە
سەرەکیترینیان بەهەمیشەییکردنى وانەبێژان و پلەبەرزکرنەوەى مامۆستایانى میلاکە و جەختیش
دەکەنەوە کە لە ئێستادا مانگێک بۆ کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان ماوە و ئەگەر
وەڵام نەدرێنەوە، دەرگاى ناوەندەکانى خوێندن دادەخەن.
ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە ئەمساڵ جیاواز لە
ساڵانى رابردو و بەشێوەیەکى جیاوازتر و توندترچالاکییە مەدەنییەکانیان
دەستپێدەکەنەوە و چارەنوسى خوێندنیش لەدەستى مامۆستادا نەماوە و لەدەستى لایەنى
پەیوەندیداردایە و پێویستە وەڵامیان بدرێتەوە.
مامۆستایەکى وانەبێژ لەبارەى داواکانیانەوە
بە کەى ئێن ئێنى وت: لە کەرتەکانى دیکە و بەتایبەت کەرتى سەربازیی دامەزراندن
نەوەستاوە، هەربۆیە ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە و بایکۆت بکەن ئۆباڵى ئەو زیانانەى بەر
کەرتى پەروەردە دەکەوێت دەکەوێتە ئەستۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
وتیشى: مانگێکى دیکە دەرگاى خوێندن دەکرێتەوە،
ئەگەر تا ئەوکاتە وەڵامى داواکانیان نەدرێتەوە بە دڵنیاییەوە زەنگى بایکۆت لێدەدەن
و ئامادە نابن بچنەوە هۆڵەکانى خوێندن.
بەهەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى
گرێبەست، ماوەى چەندین ساڵە داوایەکە و حکومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانیوە
جێبەجێی بکات، ساڵانە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان بایکۆتى خوێندن دەکرێت، بەڵام
وەڵامێک رون و راشکاو نادرێتە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە و ئێستاش مامۆستایان
هەڕەشەى دوبارە بایکۆت دەکەن.
170 جار خوێندراوەتەوە