بۆ کردنەوە گرێی نەناردنى
موچەى هێزە ئەمنییەکان، لە دیجیتاڵ میدیاى کەى ئێن ئێن بەدواداچونێکى وردى رۆژنامەوانیمان
ئەنجامدا تا وەڵامێکى یەکلاکەرەوە وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان بە (بەرپرسێکى
باڵا لە ئەنجومەنى وەزیران و چەند ئەندامێکى لیژنەى دارایی لە ئەنجومەنى نوێنەرانى
عێراق و وەزارەتى دارایی هەرێم)ـەوە کرد، لێمان پرسین کێشەکە چییە و کەى موچەى هێزە
ئەمنییەکان دابەش دەکرێت؟
ئەندامانى لیژنەى دارایی
لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە وەڵامى کەى ئێن ئێندا دەڵێن: عێراق داواکارییەکى
هەیە ئەویش لیستى ناوى تەواوى هێزە ئەمنییەکانە کە تا ئێستا هەرێمى کوردستان نییەتى
نییە بینێرێت و بەرپرسێکى هەرێمى کوردستانیش دەڵێت: پێشتر لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ لەسەر
ناردنى کۆد رێککەوتوین و ناردنى لیستى ناوەکان ویستێکە بۆ بە سیاسیی کردنى کێشەکە.
بۆ ئەوەى پرسى کۆد و لیستەکە
بزانین، پەیوەندیمان بە وەزارەتى دارایی هەرێمەوە کرد و پرسیمان، کۆد رۆیشتوە یان
لیست و ئەم کێشەیە چییە؟ وەزارەتەکە لە وەڵامدا پێی راگەیاندنین کە لەگەڵ حکومەتى
فیدراڵ رێککەوتون لەسەر ناردنى زانیاریی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد و ئێستا عێراق بەناوى
ناردنى لیستى زانیاریی هێزە ئەمنییەکان بەهانەمان پێدەگرێت.
ئەمانە هەمو زانیارییەکان
نییە لەبارەى ئەو کێشەیەی لە لیستى هێزە ئەمنییەکان دروستبوە، پێشتر ئەندامێکى ئەنجومەنى
نوێنەرانى عێراق لە بەرنامەى (رۆژەڤ)ـى کەى ئێن ئێن ئاشکرایکرد کە لیستى موچەى هێزە
ئەمنیییەکانى هەرێم ناوى تێدایە کە پێیان دەوترێت (هێزى حسێن یەزدان پەنا ) و
(سوپاى رۆژ) لە رۆژئاواى کوردستان و ئەوەش پرسیار و گومانى لاى وەزارەتى دارایی عێراق
دروستکردوە و داواى زانیاری وردتر لە هەرێم دەکات.
لاى خۆشییەوە فازل نەبى،
بریکارى پێشوترى وەزارەتى دارایی عێراق وەڵامى کەى ئێن ئێن،ى دایەوە لەبارەى
ناردنى کۆد و لیستى ناوى هێزە ئەمنییەکان و وتى: نەک هەرێمى کوردستان، بەڵکو هیچ هێزێکى
ئەمنیی لە عێراق لە ئێستا و رابردودا ئامادە نەبوە و نییە لیستى ناوەکانى بنێرێتە
وەزارەتى دارایی چونکە ئەوە زانیاریی هەستیارە و هیچ هێزێک ئامادە نییە رادەستیان
بکات.
ئێستا؛ لەنێوان کۆد و
لیست و ناوى وەهمى و هێزەکانى رۆژائاواى کوردستان، کێشەیەکى نوێ بەناوى کێشەى موچەى
هێزە ئەمنییەکان سەریهەڵداوە کە راستەوخۆ پەیوەندى بە ژیانى خەڵکى هەرێمى کوردستانەوە
هەیە و هاوشێوەى تەواوى ناکۆکییەکانى دیکەى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ کەس نازانێت کەى
و چۆن چارەسەر دەبێت.
ئامادەکردنى/ باڵا
ئاکۆ
221 جار خوێندراوەتەوە