لەساڵی رابردودا دو ترلیۆن و (500) ملیار دۆلار خەرجییە سەربازییەکانی جیهان بوە

KNN : Kurdish News Network
08:43 - 30/04/2024
ڕاپۆرت
+
-

لە ساڵی رابردودا وڵاتانی جیهان نزیكەی دو ترلیۆن و (500) ملیار دۆلاریان بۆ خەرجییە سەربازییەکانییان تەرخانكردوە، ئەوەش بەبەرزترین ئاستی خەرجی  سەربازی لە مێژودا دادەنرێت.


راپۆرت: (KNNC)


پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم، بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI) لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، لەساڵی رابردودا خەرجییە سەربازییەكانی جیهان بەرێژەی لە (6.8%) زیادیكردوە كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی (2009) تۆماركرابێت و بڕی پارەكەشی گەیاندوە بە دو ترلیۆن و (443) ملیار  دۆلار.

 

راپۆرتی پەیمانگاكە ئەوەی خستوەتەڕو، زیادبونی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان، هەر پێنج کیشوەرەكەی گرتەوە، بەتایبەتی ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکاش لە پێشەنگی لیستی ئەو (10) وڵاتەیە كە زۆرترین بڕە پارەی بۆ خەرجییە سەربازییەكان تەرخانكردوە كە بەدوایدا چین، روسیا،  هیندستان، عەرەبستانی سعودیە، ئیسرائیل، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئۆکرانیا و فەرەنسا هاتون.

راشیگەیاندوە، دو گەورەترین وڵات لەڕوی بەرزكردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانیان بۆ ساڵی (2023) ئەمەریکا بەبڕی (916) ملیار دۆلار و چین بەبڕی (296) ملیار دۆلار لە ریزبەندی وڵاتە پڕ خەرجییە سەربازییەكان ناویان تۆماركراوە، كە نزیکەی نیوەی کۆی خەرجییە بەرگرییەكانی جیهانیان بۆ سوپاكانیان تەرخان كردوە.

سەبارەت بە هیندستان، راپۆرتەكە ئەوەی رونكردوەتەوە، لە ساڵی (2023) یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەنی گەورەترین خەرجی سەربازی بوە لە جیهاندا، كە كۆی گشتی خەرجییە سەربازییەکانی ساڵی رابردوی گەیشتە (83.6) ملیار دۆلار و بەراورد بە ساڵی (2022) بەرێژەی لە (2.4%) پارەی بۆ سوپای وڵاتەكەی تەرخانكردوە.

 

لەسەر خەرجییە سەربازییەكانی (31) وڵاتی ئەندامی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) راپۆرتی پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم، راشیگەیاندوە: لە ساڵی (2023)ـدا ناتۆ بڕی یەك ملیار و (341) ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجییە سەربازییەكان تەرخانكردوە كە دەکاتە (55%)ـی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان.

 

رونیكردوەتەوە، روسیا خەرجی سەربازییەكانی لە ساڵی (2023) بۆ (109) ملیار دۆلار بەرزبوەتەوە، كە بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (24%) زیادیکردوە، ئەوەش  (16%)ـی کۆی خەرجییەکانی حکومەت پێکدەهێنێت.


لە راپۆرتەكەدا هاتوە، ئۆکرانیا یەكێكە لە ئەو وڵاتانەی لە لیستی زۆرترین خەرجی سەربازیدا لە ساڵی (2023) ناوی تۆماركراوە بەو پێیەی خەرجییە سەربازییەكانی بەراورد بە ساڵی (2022) بەڕێژەی (50%) زیادیکردوە و گەیشتوەتە (64.8) ملیار دۆلار، ئەمەش بە گەورەترین بارگرانی سەربازی لەسەر ئەو وڵاتەدادەنرێت كەلە (58%)ـی کۆی خەرجییەکانی حکومەت پێکدەهێنێت.


سەبارەت بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، راپۆرتی پەیمانگاكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: خەرجی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی (2023)  گەیشتوەتە (200) ملیار دۆلار، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی دەیەی رابردودا بەخۆیەوە بینیبێت، لەریز بەندیەكەدا شانشینی سعودیە، ئیسرائیل و ئێران لەپێشەنگی وڵاتانی ناوچەكەدان كە خەرجییە سەربازییەكانیان لەو ساڵەدا بەرێژەی جیاواز زیادیان كردوە.

317 جار خوێندراوەتەوە