میدیا جیهانیەکان: هەزاران روسی رویان لە سنورەکان کردوە و لەترسی پوتین هەڵدێن

KNN : Kurdish News Network
08:47 - 23/09/2022
جیهان

میدیا جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، خەڵکێکی زۆری روسیا دەستیان بە جێهێشتنی وڵاتەکەیان کردوە و رویان لە سنورەکان کردوە بەهۆی هەڕەشەکانی پوتین بۆ دەستپێکردنی خولێکی دیکەی شەڕ لە ئۆکرانیا.

میدیا جیهانیەکان رایانگەیاند: روسیەکان بێ هیوابون و لەترسی لێکەوتەکانی هەڕەشەکانی پوتین دەیانەوێت وڵات بەجێبهێڵن و نایانەوێت پەلکێشی شەڕ بکرێن و بنێردرێنە بەرەکانی جەنگ.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەوانەی کە نەیانتوانیوە بە فرۆکە وڵاتە بەجێبهێڵن لەرێگەی ئۆتۆمبێلەوە رویان لە سنورەکان کردوە و بە چەندین کیلۆمەتر سەرەی ئۆتۆمبێل گیراوە.

بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز، فینلاند-ی هاوسنوری روسیا دوچاری قەرەباڵغی هاتوچۆ بوەتەوە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی روسی بە ئۆتۆمبێلەکەیان رویان لەو وڵاتە کردوە.

ئاشکراشیکردوە، لە ماوەی دو رۆژدا زیاتر لە شەش هەزار روسی هاتونەتە ناو فینلەنداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی روسیا چوارشەممەی رابردو رایگەیاند: جوڵە بە هێزی سەربازی وڵاتەکەی دەکات و 300 هەزار سەرباز رەوانەی ئۆکرانیا دەکات و ریفراندۆم لەو چوار شارەدا ئەنجام دەدات.

218 جار خوێندراوەتەوە