بازرگانی مەرگ... ئەو پیاوەی لەسەر ئاستی جیهان خراپترین ناوبانگی هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:10 - 09/08/2022
ڕاپۆرت

دوای 12 ساڵ لە دەستگیرکردنی، جارێکی دیکە ناوی بازرگانە مەترسیدارەکەی چەک هاتەوە بەرباس.. ڤیکتۆر بۆت بوەتەوە بابەتی گەرمی میدیاکان و باس لە ئاڵۆگۆڕکردنی لە مامەڵەیەکی نێوان ئەمەریکا و روسیا، ئەوەش لەپێناو ئازادکردنی ئەستێرەی تۆپی باسکەی ئەمەریکی بریتنی گرینەر.

ڤیکتۆر بۆی کێە؟
ڤیکتۆر بۆت لەدایکبوی ساڵی 1967ی دۆشنبەی پایتەختی تایجیکستانە لە نزیک سنوری ئەفغانستان کە یەکێک بوە لە شارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران.. بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، بۆت ژمێریار و میکانیکی ئۆتۆمبێل بوە، دەرچوی پەیمانگەی سەربازییە بۆ زمانە بیانییەکان کە سەر بە هەواڵگری سەربازیی روسی بوە.

دواتر بوەتە ئەفسەر لە سوپای سۆڤیەت و وەکو وەرگێڕی سەربازیی کاریکردوە، بە کەسێکی زمانزانی بەهرەمەند ناسراوە، چەندین زمان قسە دەکات... وەک تاجیکی و روسی.. هەروەها ئینگلیزی و فەڕەنسی و پورتوگالی و عەرەبی و فارسی.

بۆت بە بازرگانێکی بەناوبانگ و کاریگەری چەک لە جیهاندا ناوی دەرکردوە... نازناوی بازرگانی مەرگ یان پادشای مەرگی هەبوە، بەهۆی تواناکانی لە فرۆشتنی چەک بەو وڵاتانەی قەدەغە و گەمارۆیان لەسەرە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە.

چاودێران دەڵێن: ئەگەر چەکەکانی بۆت نەبوایە کە فرۆشتویەتی بە لایەنەکانی ململانێ لە جیهاندا، ئەوا جەنگی سودان و لیبیریا و ئەنگۆلا و کۆماری کۆنگۆ و سریرالیۆن نەدەگەیشت بە ئێستا، ئەوە جگە لە فرۆشتنی چەکێکی زۆر بە وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکای باشور.

بۆت لە ئاستی جیهان هێندە ناوبانگی خراپ بوە، ژیانی کرا بە فیلمێک لە هۆڵیود بەناوی لۆرد ئۆ وار لە ساڵی 2005 کە نیکۆلاس کەیج پاڵەوانی فیلمەکەبو.

دەوترێت ناوبراو گەورەترین براوەی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت بوە، چونکە رێگەی چونە ناوەوەی بوە بۆ نێو دەستبەسەرداگترنی چەک و بازرگانیکردن پێوەی... تەنانەت دەستی گەیشتوە بە 60 فڕۆکەی سەربازیی کۆن لە ئیمارات و لەو رێگەیەوە چەکی بۆ وڵاتانی دیکە دابین کردوە..

ڤیکتۆر ئەو کاتە ناسرا کاتێک نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەرەتای نەوەدان تا ناوەڕاستی نەوەدەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەستپێ کرد و بۆ یەکەجار لەسەر راداری ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریکا دەرکەوت و دەنگۆکان بەو شێوەیە بو کە هاوڵاتییەی روسی نەناسراو بازرگانی بە چەکەوە دەکات لە ئەفەریقا، بەڵام لەگەڵ هاتنی سەرەتای دو هەزارەکان.. بو بە یەکەم داواکاراو لە جیهاندا.


لەکتێبێکدا کە ساڵی 2007 بە ناونیشانی بازرگانی مەرگ: چەک و فڕۆکە و ئەو پیاوەی دەتوانێت جەنگ بخوڵقێنێت، لەلایەن هەردو نوسەر دگۆلاس فەرەح و ستیڤن براونەوە دەرچو کە باس لە ژیانی ڤیکتۆر بۆت دەکەن.

بەپێی ژیاننامەکەی، ڤیکتۆر بۆت ئیمپراتۆریەتەکەی لە بازرگانی چەکدا بەستبوەوە بە کۆمپانیایەکی کاری لۆجستی کە بارەگاکەی لە ئەمارەتی شاریقەی ئیمارات بو.. لەو رێگەیەوە چەکی بە وڵاتان دەفرۆشت.

لە بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆت بە بازرگانی چەک و کانزا ناسراوە، پشتیوانی سەرۆکی پێشوی لیبیریا چارلز تایلۆری کردوە بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە سیرالیۆن و بەدەستهێنانی ئەڵماس بەشێوەیەکی نایاسایی و هەروەها موشەکی بە چەکدارانی ڤارکی چەپڕەو لە کۆڵۆمبیا فرۆشتوە..

ساڵی 2008 ساڵی کۆتایی ڤیکتۆر بو.. دوای پڕۆسەیەکی ورد لەلایەن ئیدارەی روبەڕوبونەوەی مادەهۆشبەرەکانی ئەمەریکا کە چاودێری جوڵی بۆت-یان دەکرد لەچەندین وڵات و دواجار لە هۆتێلێکی گرانبەهای تایلەند گیرسایەوە و لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزدا دەستگیرکرا... لە بەردەم کامێرا دانی بە هەمو شتێکدا نا..

دوای دو ساڵ لە ململانێی دیپلۆماسی.. روسیا پێداگربو لەسەر ئەوەی بۆت بێ تاوانە و دۆسییەکەی سیاسییە، هەروەها نیگەران بو لەوەی تایلەند ئەو کەسەی رادەستی ئەمەریکا کرد و دواتر تۆمەتی پشتیوانی تیرۆر و پیلانگێڕی بۆ کوشتنی ئەمەریکییەکان و سیپیکردنەوەی پارەی درایە پاڵ... بەڵام بۆت تۆمەتەکانی رەت کردەوە و رایگەیاند کە ئەو کۆمپانیاییەکی یاسایی هەیە.. بەڵام دەستەی سوێندخۆرانی نیویۆرک باوەڕیان بە چیرۆکەکەی نەکرد و دواجار و ساڵی 2012 سزای 25 ساڵ زیدانیکردنی بەسەردا سەپێندرا...

لەو کاتەوە روسیا هەوڵی گێڕانەوەی ئەو بازرگانە دەدات... سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا وتی: شەڕ دەکەین بۆ گەڕانەوەی ڤیکتۆر... تا لە 17ی شوباتی رابردو دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەی مۆسکۆ رایانگەیاند کە لە جانتای یاریزانی بەناوبانگی تۆپی باسکەی ئەمەریکی، بریتنی گرینەر (زەیتی حەشیش)یان دۆزیوەتەوە کاتێک ویستویەتی لە روسیاوە بگەڕێتەوە ئەمەریکا و لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بە 9 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، کاتێک ناوبراو دانی بە تاوانەکەیدا نا لە بەردەم دادگا.

لەرۆژی 5ی ئەم مانگە ئەمەریکا و روسیا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ تاوتوێکردنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان، بەوتەی سەرچاوەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، واشنتۆن پێشنیاری گۆڕینەوە ڤیکتۆری کردوە بەرامبەر وەرگرتنەوەی بریتنی گرینەری یاریزان و هەروەها ئەندامێکی هێزی دەریایی وڵاتەکەی بەناوی پۆڵ ویلان کە ساڵی 2020 بە تۆمەتی سیخوڕی 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە... لەم نێوەندەدا روسیا بە گرنگییەوە لەو بابەتە دەڕوانێت بەتایبەت بۆ ئازادکردنی بازرگانە روسییەکە و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان بۆت و هەواڵگری روسیا.

62 جار خوێندراوەتەوە