هێرشە چەکدارییەکەى دانیمارک ژمارەیەکى زۆرى کوژراو و بریندارى لێکەوتووەتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:41 - 04/07/2022
جیهان
+
-

لە هێرشێکى چەکداریدا کە کراوەتە سەر مۆڵێک بەناوى "Field's" لە ناوچەى ئاماگەر لە کۆبنهاگن-ى پایتەختى دانیمارک، ژمارەیەکى زۆرى کوژراو و بریندارى لێکەوتووەتەوە.

لەبارەى روداەوەکە، وتەبێژى پۆلیسى کۆپنهاگن، سۆرێن تۆماس راگەیاند: هێرشەکە ژمارەیەکى زۆر بریندارى لێکەوتووەتەوە و دۆخى تەندروستیى چەند بریندارێکیش قورسە.

تۆماس، ئاماژەى بەوەش کرد کە لە دواى هێرشەکە گومانلێکراوێکیان دەستگیر کردووە و ئاشکرایکرد کە ئەو کەسە تەمەنى ٢٢ ساڵە و بەڕەچەڵەک دانیمارکییە و ئەگەرى هێرشى تیرۆریستییان دورنەخستووەتەوە.

سۆرین تۆماس، زانیارى ئەوەشى بڵاوکردەوە کە لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس بەردەوامن و تاکو دڵنیا دەبن لەوەى کە هێرشبەرەکە یەک کەسە، رێوشوێنە ئەمنییەکان لەسەر ئاستى باڵا لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.

شایەتحاڵێک بەناوى کریستینا هانبێرگ، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى بى تى دانیمارک، ئاماژەى بەوە کرد کە دواى بیستنى دەنگى تەقەکە خەڵکەکە بە شڵەژانەوە هەڵاتوون.

شایەتحاڵێکى دیکە بەناوى ریکى لیڤاندۆسکى، باسى لەوە کرد کە لەگەڵ بیستنى دەنگى تەقەکە لە پشت مێزى دوکانێک خۆى حەشارداوە و وتى: "هێرشبەرەکە جلى رەشى لەبەربوو و باڵاى مامناوەند و ماسکێکى بەستبوو. راستەوخۆ تەقەى لە قەرەباڵەغییەکە دەکرد".

هەرچەندە تائـێستا ژمارەى دروستى برینداران و کوژراوان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەپێى هەندێ سەرچاوە لانیکەم سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکى دیکەش برینداربون.

578 جار خوێندراوەتەوە