سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیران رایدەگەیەنێت؛ توانراوە لە خەرجییە ناپێویستەکان 130 ملیۆن دۆلاری مانگانە
بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە، دەشڵێت: داهات لەم ماوەیەدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتر
بوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە
23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب،
وەزیری دارایی و ئابوری کۆبوەوە.
بەپێی
راگەیەندراوی کۆبونەوەکە "وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەکردوە کە بەشێکی
زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابورییە و توانیویانە
لە هەردو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، پێشکەوتن بەدەست بهێنن".
لە
راگەیەندراوەکەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کردوە
و وتی: خەرجییە ناپێویستەکان لە دوسەد ملیۆن دۆلارەوە بوەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی
ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبوەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی
کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.".
ئاماژەی بەوەشکردوە، داهات لەم ماوەیەدا بەشێوەیەکی ڕێژەیی
باشتر بوە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی
ئابوری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی
داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاوڵاتییان دروست بکات."
ئەوەش هاتوە
"کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندوە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ
کردوە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج،
لە قازانجی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبونی داهات و
داواجار لە خزمەتی هاوڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نمونە موچەی پێ دەدرێت و جوڵەی
بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت".
لە تەوەرێکی دیکەدا
ئاماژە بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان
و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت کرا کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی
ڕوتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
245 جار خوێندراوەتەوە