رۆژئاوای کوردستان لە بەردەم هێرشی نوێی تورکیادا

KNN : Kurdish News Network
06:29 - 05/06/2022
ڕاپۆرت
+
-

هێزەکانى هەسەدە ئامادەکارییەکانى بۆ هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى تورکیا لە رۆژئاواى کوردستان دەست پێکردووە، ئەوەش لە لێدانى سەنگەرى بەرگرى و تونێلى خۆپارێزى لە ناوچەکانى تەل رەفعەت، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەسەدەش دەڵێت، هێزەکانیان لە ئامادەکاریدان بۆ هەر ئەگەرێک و بەرگری کردنێک لە ناوچەکانمان، سەرۆکی تورکیاش بەردەوام هەڕەشەکانی بۆسەر باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دوبارە دەکاتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەنوێترین لێدوانیدا باس لە داگیرکردنی بەشێک لە ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان و باکورى سوریا دەکات و دەڵێت بۆ پاراستنی سنورەکانیان بەقوڵایی 30 کیلۆمەتر تەل رەفعەت و مەنبەج وگرێ سپی کۆنتڕۆڵ دەکەن.

جگە لە سەرۆک کۆمارى تورکیا، وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتەش دەڵێ، بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانى باکورى سوریا و دروستکردنى ناوچەى ئارام مۆڵەت لە کەس وەرناگرین.

ئەم لێدوانانەش بووەتە هۆى ئەوەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، دەست بە ئامادەکارییەکانیان بکەن بە ئامانجى بەرپەرچدانەوە و بەرگرى لەخۆکردن لە دژى سوپاى تورکیا.

فەرماندە سەربازیەکانی هەسەدە لە وەڵامى لێدوانى بەرپرسانى تورکیا، رایانگەیاندووە، تورکیا دەیەوێت هێرش بکاتە سەر تەل رەفعەت و کۆبانێ، دەشڵێن ئەگەر هێرشەکانى ئەو وڵاتە سەرکەوتوو بێت، ئەوا خەڵکەکانى رۆژئاواى کوردستان توشى ئاوارەیی دەبنەوە.

هاوکات مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت بە هەرهێرشێکی تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان لە چاوپێکەوتنێکى دەنگى ئەمریکادا رایدەگەیەنێت: هێزەکانیان لە ئامادەکاریدان بۆ هەر ئەگەرێک و بەرگری کردنێک.

ئامانجی داگیرکردنی سوپای تورکا لەناوچەکانی کۆبانێ و تل رەفعەت ئەوەیە کە ئەو ناوچانەی لەڕۆژئاوا داگیری کردون پێکەوە گرێ بداتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئاسمانی مەنبەج وگرێسپی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئاسمانیەکانی روسیادایە و جگە لە بەرخودان و ئامادەکاریەکانی هێزەکانی سوپای دیموکرات ، چاوەڕیی ئەوەن روسیاش پێشگیری لەوەها هێرشێکی لەو جۆرەشبکات.

197 جار خوێندراوەتەوە