گۆڕانکارییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا و بە دیاریکراویش بەهۆى جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بەرهەمى گەنم لە عێراق دروست
کردووە، ئەمساڵیش بەهۆی کەم ئاوی و کەم بارانییەوە لە عێراق، روبەرى زەوییە کشتوکاڵییەکان
لە پێنج ملیۆن دۆنم زەوییەوە بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن دۆنم کەمبووەتەوە.
لە پاڵ وشکەساڵیدا، دەستپێکردنى جەنگی نێوان ئۆکرانیا
و روسیا و بەرزبونەوەی نرخی گەنم و دانەوێڵە و تۆو پەینەکان، کاریگەرییەکی گەورەی
لەسەر کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق داناوە، بەجۆرێک لەگەڵ کەمکردنەوەى بڕی بەرهەم، نرخیشی
بەرز کردوەتەوە، چونکە ناوچەى جەنگى ئۆکرانیا و روسیا بە سەبەتەى خۆراکى و دانەوێڵەى
جیهان هەژمار دەکرێت بەتایبەت لە گەنم و ئارد و گەنمەشامى و چەندین بەرهەمى دیکەى
کشتوکاڵى.
جوتیاران لە عێراق بە ترس و نیگەرانییەوە دەڕواننە
کێڵگە گەنمییەکانی ناوەڕاست و باشور کە ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵیی و کەمی ئاوە بۆ نیوە
کەمی کردووە.
لە هەرێمى کوردستانیش بەتایبەت لە ناوچەى گەرمیان
هەمان مەترسى لەسەر بەرهەمى کشتوکاڵى دروستبووە، چونکە ئەمساڵ سەرەڕاى ئەوەوى بەراورد
بە ساڵى رابردو رێژەى باران بارین زیادى کردووە، بەڵام لە زۆربەى شوێنەکانى سنورى
گەرمیان و ناوچە دابڕاوەکان کەمتر باران باریوە، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەرى لەسەر بەرهەمى
کشتوکاڵى بەتایبەت گەنم و جۆ، دروستکردووە.
ئیدارەى گەرمیان بۆ دووەم ساڵى لەسەر یەک وشکەساڵى
راگەیاند و ئاماژەى بەوەشکردووە کە وشکەساڵى ئەمساڵ کاریگەرى زیاترەـ بەشێوەیەک زیان
بە 135 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کەوتووە، جگە لەوەش لەوەڕگاکانى وشککردووە و
کارى ئاژەڵدارى لە سنورەکە قورسکردووە.
جگە لەو وشکەساڵى، گۆڕینى رێڕەو ئاراستەى ئەو
ئاوانەى لە سنورى ئێرانەوە دێنە ناو عێراق یەکێکى دیکەن لەو مەترسیانەى کاریگەرى نەرێنیان
لەسەر کەرتى کشتوکاڵى عێراق دروستکردووە، بە وتەى وەزیرى سەچاوە ئاوییەکانى عێراق
لە سەردانە فەرمییەکانیاندا بۆ ئێران ئەو بابەتەیان لەگەڵ بەرپرسانى تاران تاوتوێ
کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
لەلایەکى دیکەوە رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە
لەوەى کە ئێستا ئاستى ئاوى هەردو روبارى دیجلە و فوراد، بەڕێژەى (73%) کەمى کردووە،
هەربۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان داواى لە عیراق بەشدارى گفتوگۆکان بکات لەگەڵ وڵاتانى
دراوسێ سەبارەت بە پرسى دابەشکردنى ئاو.
ئەمساڵ بەهۆی کەمبونەوەی ئاو، عێراق بڕیاریدا بە
کەمکردنەوەی روبەرە کشتوکاڵییەکان بۆ نیوە و کەمکردنەوەی بڕی دانەوێڵە، بۆیە ئێستا
هەموو جوتیارەکان چاوەڕوانی بڕیارەکانی حکومەت دەکەن بۆ کڕینەوەی گەنمەکانیان.
کێشەی ئاو، بابەتێکی ستراتیژیی گرنگە، بەو پێیەی
عێراق ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فوراتی لەگەڵ تورکیا و ئێران و سوریا، هاوبەش دەکات
و بەغداد بە بەردەوامی ئیدانەی نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکانی دراوسێی کردوە کە پشکی وڵاتەکەیان
کەم کردۆتەوە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سەرچاو ئاوییەکانی عێراق،
ئەم ساڵ زەوییە کشتوکاڵییەکان لە 5 ملیۆن دۆنمەوە بۆ ملیۆن و نیوێک کەمی کردوە و ئەوەش
کاریگەری کردۆتە سەر کەمبونەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم.
بۆ پاڵپشتیکردنی جوتیاران، وەزارەتی بازرگانی و
پیشەسازی عێراق، ئەم ساڵ بڕیاریداوە بە بەرزکردنەوەی نرخی یەک تۆن گەنم بۆ 500 دۆلار.
لە ساڵی 2019 و 2020 تەنیا لە پارێزگای دیوانیە،
بڕی گەنمی بەرهەمهێنراو گەیشتوەتە پێنج ملیۆن تۆن، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە بۆ 50%
دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت لە تەواوی عێراقدا بڕی 2.5 بۆ 3 ملیۆن تەن گەنم بەرهەمبهێنرێت،
ئەو بڕەش بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای دیوانیە زۆر کەمە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق.
136 جار خوێندراوەتەوە