ئەندامبونى ئۆکرانیا لە یەکێتیى ئەوروپا زیاتر لە دوو ساڵ دەخایەنێت

KNN : Kurdish News Network
04:15 - 04/03/2022
ڕاپۆرت

روسیا بە بیانوی پێشڕەویی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بۆ نزیک سنورەکانی، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، بەڵام کیێڤ دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا ئەندامێتی ئەو وڵاتە لانیکەم دو ساڵ دەخایەنێت.

رۆژی سێشەممە (1/3/2022)  رابردو  637 ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە دەنگی بەڵی داواکاریی ئۆکرانیایان بۆ ئەندامبونی لە یەکێتییەکان پەسند کرد.

لە کۆی 705 ئەندامی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا 13 پەرلەمانتار دژی داواکارییە بون و 26 پەرلەمانتاریش بێ لایەنیی خۆیان دەربڕی.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوای وتارێکی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا سەرکەوتوبو لە بەدەستهێنانی دڵی پەرلەمانتاران و ئەوانیش لە ستایشی ئەو وتارەدا بە کۆی دەنگ دواکارییەکەی وڵاتەکەیان بۆ ئەندامبون لە یەکێتی ئەوروپا پەسند کرد، بەڵام ئەندامبونی ئۆکرانیا لانیکەم چەند ساڵێکی پێدەچێت و هەندێک لە بەرپرسانی ئەوروپاش دەڵێن ئەوەی رویداوە پەیامێکی سیاسییە نەوەک پڕۆسەیەکی راستەقینە چونکە ئەندامبون لە یەکێتی ئەوروپا پێویستی بە کاتی زۆرە.

تورکیا لە ساڵى 1999ـەوە داوای کردوە ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا

بە پێی یاسای ژمارە 49ی ئەوروپا دەبێت داوا فەرمییەکەی ئۆکرانیا لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێ بکرێت و ئەو پرۆسەیەش کاتی زۆر دەوێت، چونکە نمونە نزیکەکەی وڵاتی تورکیا کە لە ساڵی 1999 لە پشت دەرگاکانی ئەوروپا چاوەڕوانی وەرگرتن بوە لەو یەکێتییەوە، دواکارییەکەی تورکیا لە ساڵی 2005 گەیشتە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بەڵام دوای زیاتر لە 15 ساڵ تاوتوێکردنی پرۆسەی بەئەندامبونی تورکیا دواجار یەکێتی ئەوروپا ئەو پڕۆسەیەی هەڵپەسارد.

دەبێت 27 وڵاتی ئەوروپا کۆک بن لەسەر ئەندامبونی ئۆکرانیا لە یەکێتییەکەیان

دوای ئەوەی زلیسنکی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەندامبون لە یەکێتی ئەوروپا رادەست کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند؛ هیواخوازە ئەوروپا بە هەمان هەستیاریی ئۆکرانیاوە پڕۆسەی بە ئەندامبونی تورکیا لە ئەوروپا بخاتەوە گەڕ.

ئورزولا فۆن دێر لاین، سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند دەنگدانی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆکرانیا بەمزوانە ببێت بە بەشێک لە ئەوروپا، بەڵام ئەلکساندەر دی کرو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند؛ دەنگدانی پەرلەمان بۆ ئۆکرانیا بە واتای ئەندامبونی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا نییە بەڵام ئەوە پەیامێکی سیاسییەوە بۆ روسیا.

یەکێتی ئەوروپا کە لە 1975 دروست بوە و پێکدێت لە 27 وڵات کە تەنها 18 وڵاتیان لە چوارچێوەی سیستمی بانکییەکەیدا بەکارهێنەری دراوی یۆرۆن، کۆمەڵێک ناکۆکییەکان هەیە بە تایبەت کە کۆمەڵێک یاسا هەیە جێبەجێکردنیان بۆ ئۆکرانیا ئاسان نییە.

پێش ئۆکرانیا پێنج وڵات داوای ئەندامبونیان لە یەکێتیی ئەورپا پێشکەش کردوە


یەکێک لە یاساکان پابەندبونی ئەو وڵاتە بە سیستمی ئابوریی و ئاستی داهاتی تاکە لە کاتێکدا داهاتی تاک لە ئۆکرانیا چوار هێندە بەراورد بە ئەوروپا کەمترە و ئەوەش وا دەکات ئەندامبونی زۆر دوا بکەوێت.

جگە لە هەمو ئەمانەش دەبێت هەر 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا بە بەڵی دەنگ لەسەر ئەندامبونی ئۆکرانیا بدەن کە ئەوەش پێشبینییەکەی قورسە کە سەرجەم ئەو وڵاتانە لە ماوەیەکی کەمدا کۆک بن لەسەر ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ئەوروپا.

دانیشتوانی وڵاتی ئۆکرانیا 44 ملیۆن کەسە و ئەگەر داواکارییەکەی پەسند بکرێت ببێتە ئەوروپا ئەوا دەبێتە پێنجەمین وڵاتی گەورەی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.


357 جار خوێندراوەتەوە