ئێران؛ تەقینەوەیەک لە نزیک دامەزراوەی ناوەکی ناتانز رویدا

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 04/12/2021
جیهان

تەقینەوەیەک لە نزیک دامەزراوەی ناوەکی ناتانز لە پارێزگای ئەسفەھان لە ئێران رویداوە، میدیا ئێرانییەکانیش دەڵێت تاقیکردنەوەى دژە موشەکى بووە.

بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی فارسی نیمچە فەرمی ئێران، تەقینەوەیەک لە ناوچەی بەدرود رویداوە کە (20) کیلۆمەتر لە دامەزراوەی ناوەکی ناتانز دوورە.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی دەوڵەتیی ئێران بڵاوی کردەوە، بەمەبەستی پێوانەکردنی کاردانەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە بەرامبەر ئەگەری ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک، مووشەکێک بەمەبەستی راھێنان ھەڵدراوە.

هاوکات ئاژانسی ھەواڵی فارس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ناوخۆی رایگەیاندووە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خراوەتەخوارەوە، لە کاتێکدا لە ھەواڵێکی (Nournews)ی سەربە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئاماژە بەوە کراوە کە تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی ئەنجامدراوە بەمەبەستی رێگرییکردن لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکانی دیکەی ئێران، ئەو مووشەکانەی ھاوێژراون دوو تەنی نەناسراوی لە ئاسمان چالاکی خستووە.

روودانی ئەو تەقینەوەیە لە دوای دەستپێکی کۆبوونەوەکان لە ڤییەنا پایتەختی نەمسا، جێگەی سەرنجە.

476 جار خوێندراوەتەوە