ئەوانەی خۆیان كوتاوە توشی جۆرە نوێكەی كۆرۆنا دەبن؟

KNN : Kurdish News Network
09:46 - 04/12/2021
تەندروستی

جۆری ئۆمیكرۆنی كۆرۆنا بووە بە هەواڵی گەرمی میدیاكانی جیهان، ئەوەش بەهۆی خێرایی بڵاوبونەوەكە كە بەشێكی پسپۆڕان دەڵێن وەك خێرایی بڵاوبونەوەی ئاگرە لەناو پوش و پاواندا، ئەوەش كەزۆرترین پرسیاری لەبارەوە دەكرێت كاریگەرییەكەیەتی لەسەر ئەو كەسانەی خۆیان كوتاوە.

 

بەشێكی پسپۆڕان دەڵێن، بەشێكی ئەو كەسانەی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە ئەگەر هەیە توشی جۆرە نوێكە ببن، بەشێكی دیكەشیان ئاماژە بەوە دەكەن، ڤاكسین لە بەهێز و كاریگەری توندی ڤایرۆسەكە كەمدەكاتەوە.

 

ئۆجۆر شاهین یەكێك لە هاوبەشەكانی كۆمپانیا (BioNTech SE)  و (Pfizer)  كە ڤاكسینی كۆرۆنایان دروستكردووە باسی لەوەكردووە، قورسە ڤایرۆسەكە بتوانێت خۆی لەو دژە تەنانە ڕزگار بكات كە ڤاكسینەكان لە لەشدا دروستیان كردووە، واتە ڤایرۆسەكە كاتێك دەچێتە لەشەوە لەلایەن خانەكانی بەرگرییەوە لەناو دەبرێت.

 

شاهین دڵنیای داوە بەو كەسانەی خۆیان كوتاوە هیچ ترسیان نەبێت و بچن ژەمی سێهەمیش وەربگرن، بۆ ئەوەی بەرگرییەكی بەهێزتر پەیدا بكەن.

 

ئەو هاوبەشەی كۆمپانیا فایزەر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوانەی خۆیان كوتاوە بەرگرییەكی بەهێزیان هەیە، تەنانەت ئەگەر توشی جۆرە نوێكەش ببن، زۆر بە سوكی دەیگرن.

 

ئۆجۆر شاهین باسی بەهێزی و خێرایی بڵاوبونەوەی جۆری دەلتای كردووە، بەڵام بۆ ئەوانەی خۆیان كوتابوو وا نەبووە و كەمترین كەس توشیبوون، ئەوانەش كە توشبوون نیشانەكانیان زۆر بە سوكی لەسەر دەركەوتووە.

 

پێشتر زاناكان ئاشكرایان كردبوو ماوەی دوو هەفتەیان دەوێت تاوەكو بزانن ڤاكسینەكان دەتوانن دژی جۆرە نوێكە بوەستنەوە یاخود نا، چونكە ئەوە پێویستی بە چەند پشكنین و تاقیكردنەوەیەك هەیە، بەڵام هاوبەشەكەی ڤاكسینی فایزەر جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات، چونكە لە زۆرینەی حاڵەتەكان ڤاكسینەكە ڕوبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبێتەوە، ئەگەر كەسێكیش توشبێت ئەوا نیشانەكانی بە سوكی لەسەر دەردەكەوێت و دۆخی تەندروستی تێك ناچێت.

7490 جار خوێندراوەتەوە