سودان؛ مێژویەک لە کودەتا

KNN : Kurdish News Network
03:37 - 21/09/2021
ڕاپۆرت

لە دوای سەربەخۆبونی لە ژێر دەستی بەریتانیا پێنج کودەتای سەربازی لە سودان ئەنجامدراون و سێ هەوڵی ئەنجامدانی کودەتاش شکستیان هێناوە، بە جۆرێک زۆربەی ئاڵوگۆڕەکانی دەسەڵات لەم وڵاتە لە رێی ئەنجامدانی کودەتای سەربازیەوە بووە.

لەم راپۆرتەدا وردەکاری کودەتا سەربازیەکان و هەوڵە شکستخواردوەکانی کودەتا لە سودان دەخەینەڕوو..

 

کودەتای ساڵی (1969)

بە سەرکردایەتی عەقید جەعفەر نومێری ئەنجامدراو کۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئیسماعیل ئەزهەری هێنا کە بە سەردەمی دووەمی دیموکراتی لە سودان ناسراوە، بو بە دەستپێکی دەسەڵاتی سەربازی جەعفەر نومێری کە (16) ساڵی خایاند.

 

کودەتای ساڵی (1971)

لە (19)ی تەمموزی ساڵی (1971) لەلایەن بزوتنەوەی چاکسازی تەمموزەوە لە دژی دەسەڵاتەکەی جەعفەر نومێری ئەنجامدرا، سەرکردەکانی ئەم کودەتایە تەنها بۆ ماوەی سێ رۆژ دەسەڵاتیان گرتە دەست، دوای ئەو ماوەیە جارێکی تر جەعفەرنومێری کودەتای بەسەردا کردنەوە و سەرجەم سەرکردەکانی ئەو بزوتنەوەیەشی لە سێدارەدا.

 

 کودەتای ساڵی (1985)

دوای ماوەیەک لەمانگرتنی سەرتاسەری لە دژی بەرزبونەوەی نرخی کەلوپەل، هێزە چەکدارەکانی سودان دەستیان بەسەردەسەڵاتدا گرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی جەعفەر نومێری هێنا، لەکاتێکدا نومێری بەسەردانێک لە ئەمەریکا بوو.

 

کودەتای ساڵی (1989)

ئەم کودەتایە بە سەرەتای شۆڕشی رزگاری نیشتیمانی لە سودان دادەنرێت، لەلایەن حەسەن تورابی سەرکردەی پارتی بەرەی ئیسلامی نەتەوەییەوە سەرکردایەتی کراو  دەسەڵات رادەستی عومەر حەسەن بەشیر کرا، ئەوەش بەوپێیەی ئەندامی ئەوبەرەیە بوو لە هەمانکاتدا بەرزترین پلەی سەربازی هەبوو لە سوپای سوداندا، ئەم کودەتایە کۆتایی بەدەسەڵاتی حکومەتی هەڵبژێردراوی سودان بە سەرۆکاتی سادق ئەلمەهدی هێنا و عومەر حەسەن بەشیر دەسەڵاتی گرتە دەست،  دوای (10) ساڵ واتە لەساڵی (1999) ناکۆکیەکانی نێوان عومەر حەسەن بەشیر و حەسەن تورابی گەیشت لوتکە، بەو هۆیەشەوە تورابی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی سودان و بەرپرسیاریتیە حزبیەکان دورخرایەوە، بوبە سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن.

کودەتای ساڵی (2019) پاش ماوەیەک لە خۆپیشادان و ناڕەزایی جەماوەری بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک و خراپی گوزەرانی دانیشتوانی سودان، سوپای سودان کودەتای بەسەر حکومەتەکەی عومەر حەسەن بەشیردا کرد و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنا و هەمان رۆژیش دەستگیرکرا. 

جگە لەو کودەتایانە، هەر لەو ماوەیەدا واتە لەدوای ساڵی (1956) ژمارەیەک هەوڵی دیکە بۆ ئەنجامدانی کودەتای سەربازی دراون، بەڵام شکستیان خواردوە؛ کە بریتین لە:

هەوڵی کودەتای ساڵی (1977)
لەلایەن (12) ئەفسەری هێزی ئاسمانی سودانەوە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا درا، بەڵام شکستی هێنا.

هەوڵی کودەتای ساڵی (1990)
لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەر و ئەفسەری خانەنشینەوە پلانی بۆدانرا، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی؛ پلانەکەیان ئاشکرا کرا و هەوڵەکەیان شکستی هێنا، زیاتر لە (30) ئەفسەریش بە تۆمەتی تێوەگلان لەو هەوڵە دەستگیرکران.

هەوڵی کودەتای ساڵی (2012)
لە (22) تشرینی دووەمی ساڵی (2012) لەکاتێکدا سودان بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕی، دووەم هەوڵی کودەتا لە دژی دەسەڵاتەکەی عومەر حەسەن بەشیر درا، بەڵام هەوڵەکە شکستی هێنا و ژمارەیەک ئەفسەریش دەستگیرکران.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانیش لەوکاتەدا، لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا سێ جار هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا دراوە، بەڵام سەرجەمیان شکستیان هێناوە.

ئەوەی ئەمڕۆ (21/9/2021) روویدا، دەبێتە چوارەم هەوڵی شکستخواردوی ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لەمێژووی (65) ساڵی رابردووی سوداندا کە بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانیەکان لەلایەن لایەنگرانی عومەر حەسەن بەشیرەوە هەوڵی ئەنجامدانی دراوە.

 

ئامادەکردنى؛ نەبەز محەمەد

164 جار خوێندراوەتەوە