پۆلیسی ئیسرائیل دوو لەو شەش فەڵەستینییەی دەستگیرکردەوە کە لە گرتوخانە ھەڵاتبوون

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 11/09/2021
جیهان
+
-

پۆلیسی ئیسرائیل، رایگەیاند دوو لەو شەش فەڵەستینییەی کە پێش چوار رۆژ لە گرتووخانەی جەلبوع ھەڵاتبوون لە گوندەواری شاری ناسڕە لە باکووری وڵاتەکە دەستگیرکرانەوە.

 
لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن پۆلیس بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "دوو لەو شەش کەسەی کە ھەڵاتبوون لە دەوروبەری چیای قەفزە لە باشووری رۆژئاوای شاری ناسڕە لە باکووری وڵاتەکە دەستگیر کرانەوە.

 

بەپێی ئەو ھەواڵانەی کە لە مێدیاکانی فەڵەستین بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو کەسەی کە دەستگیر کراون، ئەندامی بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامیی فەڵەستین.

 

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ھەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، ئەو دوو کەسەی کە دەستگیرکراون بە بێ بەرەنگاربوونەوە خۆیان رادەستی پۆلیس کردووەتەوە و لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا بڕێک پێداویستیی خۆراکیان پێبووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو کەسە ماوەی دوو رۆژە لە گوندی ناسڕە بینراون و داوای خواردنیان لە چەند ماڵێک کردووە و پاش ئەوەی خێزانێک گومانی لێکردوون و پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە.

 

سەر لە بەیانی رۆژی ٦ی ئەیلوول، شەش زیندانیی فەڵەستینی لە رێگەی ھەڵکەندنی تونێلێکەوە توانييان لە گرتووخانەی جەلبوع لە باکووری ئیسرائیل ھەڵبێن.

1139 جار خوێندراوەتەوە