(33) ساڵ پێش ئەمڕۆ، کۆتایى درێژترین جەنگى سەدەى بیستەم

KNN : Kurdish News Network
09:43 - 08/08/2021
ڕاپۆرت

ئەمڕۆ (33) ساڵی تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر كۆتایی هاتنی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، كە ئێران بە شۆڕشی بەرگری پیرۆز و عێراقیش بە شەڕی قادسییەی سەدام ناوی دەبرد.

جەنگەكە لە (22/9/1980) بە هێرشی هێزە عێراقییەكان دەستی پێكرد و تا (8/8/1988) بەردەوام بو، جەنگەكە حەوت ساڵ و (10) مانگ و چوار هەفتە و یەك رۆژی خایاند. لە دوای جەنگی ڤێتنام ئەو جەنگە  بو بە درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم.

سەرەتاى ئەو جەنگە خوێناوییە لە چەند کێشەیەکى بچوکەوە سەریهەڵدا، لە دەستپێکدا ئەو شەڕە لە راگەیاندنەوە لەدژى یەکتر دەستیپێکرد بەجۆرێک ئێران عێراقى بە کوشتنى پیاوە ئاینیەکانى شیعە وسەرکردەکانى ئەو مەزهەبە تۆمەتبار دەکرد، لەبەرامبەریشدا عێراق ئێرانى بە جوڵاندنى شیعەکانى عێراق لەدژى دەسەڵاتى وڵاتەکەى تۆمەتبار دەکرد. بەم شێوەیە پێش جەنگ (10) مانگ لە رێگەى راگەیاندنەوە دنەى یەکتریاندا تا گەیشتن بە درێژترین شەڕ لە سەدەى بیستەم.

بەدرێژایی (100) ساڵی رابردو عێراق و ئێران دو دراوسێی باش نەبون، بە دیاریکراویش ئەم پەیوەندیه خراپە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان عوسمانی و سەفەویەکەکان لە سەدەی شانزەدا، لە هەمان کاتدا عێراق گۆڕەپانی ناکۆکی نێوان ئەو دو هێزە بوە، لەگەڵ هاتنی سەدام و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، خراپی پەیوەندی نێوان ئەم دو لایەنە گەیشتە ترۆپ، تا بەرەو جەنگێكی وێرانكەر پەلكێشی كردن.

هۆكارەكانی جەنگ
جەنگەکە لە کۆتایی ئەیلولی ساڵی (1980) دەستی پێکرد، بەڵام دەسپێکردنی شەڕ لەلایەن هەردو وڵاتەوە، لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە شەڕ لە چواری سێبتێمبەر بە پێشڕەوەی و دەستپێشخەری ئێران بوە، کاتێک ئەو وڵاتە هێرشێکی سەختی (مەدفەعی) کردە سەر ناوچە سنورییەكانی عێراق، دوا بەدوای ئەو هێرشە ئێران فڕۆکەی بەکارهێنا، بەڵام دواتر عێراق فڕۆکەکەی خستە خوارەوە و لە هەمانکاتدا فرۆکەوانەکەی بەدیل گرت،  عێراق ئەمە بەبەڵگەی دەستپێشخەری ئێران دەزانێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ.


پێش جەنگ، بە هاتنی سەدام لە عێراق و شۆرشی ئیسلامی لە ئێران، گۆڕانكاریی تەواوی بەسەر دۆخی ناوچەكەدا هێنا و پەیوەندی هەردو وڵاتیش چوە دۆخێكی قەیراناوی سەخت، رقی خومەینی و سەدام بەرامبەر یەكتری رۆژ بە رۆژ ئەستورتر دەبو، جیاوازی بیرورا و ئایدلۆجیای هەردولا كە ئێران باكگراوندێكی شیعەی ئیسلامی هەبو و عێراقیش بەعسی سۆسیالستی، زیاتر پەلكێشی دەكردن بۆ شەڕ.

بۆچونەكان زۆرن لەسەر هۆكارەكانی دروستبونی شەڕ، هەندێكی دیكە باس لەوە دەكەن لاوازی و دۆخی ناوخۆی ئێران و لاوازی سوپاكەی، چوە ناو بیركردنەوەی سەدام، بەوەی ئەگەر لەو كاتەدا جەنگ بەرامبەر ئێران هەڵنەگیرسێنێت و سەركوتی نەكات، دواتر ئێران پێ دەگرێت و وەك هەمیشە عێراق دەكاتە حەوشەی خانوەكەی و خەونی سەدام بۆ بون بە پاڵەوانی ناوچەكە لە گۆڕ دەنێت.

هۆكارەكان هەرچیەك بن، دواتر عێراق زنجیرەیەک هێرشی زەمینی دەست پێکرد و  توانی (120) کیلۆمەتر بچێتە نێو خاکی ئێرانەوە، عێراقییەکان ئەو هێرشەیان بە بەرستێک دەزانی لە پێش هەر روداوکی نەخوازراوی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان.

فالح عەبدولجەبار، بیرمەندی گەورەی عێراقی و سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی عێراقی دەڵێت: هەڵگیرسانی جەنگ لەلایەن عێراقەوە بو، بەڵام لەهەمانکاتدا ئاماژە بە هاندان و یارمەتی ئێرانییەکان بەتایبەت لە هاندانی شیعەکانی عێڕاق دژ بە رژێم، چونكە ئێرانییەكان باوەڕیان وابو سیناریۆی شۆڕشی ئێران قابیلی دوبارەبونەوەی هەیە لە عێراق.

هاوكات، وفیق سامەرائی بەڕێوبەری پێشوی هەواڵگری سەربازی عێراقی و لێپرسراوی دۆسیەی ئێرانی، لە چاوپێکەوتێنکی کەناڵی (بی.بی.سی عەرەبی) ساڵی (2010) دەستپێکی ئەم جەنگە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای ئاڵۆزیەکانی نێوانیان لە بەهاری (1980) دواتر پەرەیسەند تا لە مانگی ئەیلول بە فەرمیی چونە ناو جەنگەوە.

زیانەكانی جەنگی هەشت ساڵە
بە فەرمیی ئێران ڕازی بو بە راگرتنی جەنگ، ئەمەش بوە هۆی ئاگربەست لە ئابی (1988)، هەردو لایەنەکەی شەڕ جەختیان لەسەر راددەی زیانەکانیان نەکردوەتەوە کە هەشت ساڵی خایاندوە، بەڵام هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ژمارەی ئەوانەی ئەم جەنگە کاریگەری لەسەریان هەبوە یەک ملیۆن و (500) هەزار کەس زیاتر بون، سەرەڕای ملیۆنان پەنابەر.


ئێران دانی ناوە بەوەدا کە (300) هەزار کەس کوژراون، خەمڵاندنەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە کۆی کوژراوی عێراقیەکان دەگاتە (240) هەزار کەس، لەگەڵ (60) هەزار گیراوی عێراقی لەلای ئێران.

کەس خەیاڵی بۆ ئەوەی نەدەچو کە ئەم شەڕە ئەوەندە درێژبێتەوە و رێژەی قوربانیان بگاتە ئەو ئاستە ترسناکە، لە فەرهەنگی سیاسی بەریتانیدا هاتوە ژمارەی پێکراوان و کەمئەندامان لەنێوان یەک ملیۆن بۆ دو ملیۆن کەسدا بوە.

ژمارەی کوژراوان لەلایەنی عێراقی گەیشتوەتە (500) هەزار کوژراو، لەگەڵئەوەی ئازارەکانی ئێران زیاتر بوە، نزیکەی (230) ملیار دۆلار لەو شەڕەدا خەرجکراوە، بەهای ئەو زیانەی لەهەردولا کەوتوە لە دامەزراوە زیندوەکان و ژێرخان بە (400) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.


د.تۆفیق مەرایاتی شیکەرەوەی ئابوری، لەبارەی زیانەکانی شەڕەوە دەڵێت: هەر وڵاتێکیان سەرکەوتو بوبن، لەبەرامبەردا حاڵەتێکی هەژاریی لەو وڵاتانە دروستکرد، دوای تەواوبونی  جەنگ لە ساڵی (1988) عێراق توشی زیانی ئابوری بو کە بە (452) ملیار دۆلار دادەنرێت، کە دە هێندەی بەرهەمی ناوخۆیی بو لەماوەی جەنگی (1980-1988) زیادەڕەوی نییە کە بڵێین عێراق ماوەیەکی جەنگی ئابوری داڕوخاو گەلێکی هەژار بەجێما.

لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی جەنگەوە، فالح عەبدولجەبار سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی عێراقی پێیوایە؛ جەنگی عێراق- ئێران گەورەترین کارەسات بو لەمێژوی عێراقدا، بەخراپترین دادەنرێت لەدوای داگیرکردنی بەغدا لەلایەن هۆلاکۆوە، بە لێدانی بزمار لەتابوتی کۆمەڵگە و شارستانیەت لەعێراقدا وەسفی دەکات و پێیوایە، ئەوە کۆتایی بە دەوڵەتی عێراقی هێنا.

زیانەكانی كورد لە جەنگەكەدا
لە ھەردو بەشی باشور و رۆژھەڵاتی كوردستان، زیانێکی زۆر لەکورد کەوت، چونکە بەشێکی زۆری شەڕەکان لە ناوچە سنورییەكانی كوردستان رویاندا تاڕادەیەكی زۆر گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی دەسەڵات بو بۆ هەردولایان، جیا لەوەش وێرانكردن و سوتاندنی ھەزاران گوند و گیانلەدەستدانی ھەزاران سەربازی كورد كە لەریزەكانی هەردو سوپای عێراق و ئێراندا بون زیانی راستەوخۆی ئەو جەنگە بو، لە ھەموی جەرگبڕتر کیمیابارانکردنی هەردو شاری سەردەشت و ھەڵەبجە بو لەلایەن عێراقەوە.


بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن فڕۆكەكانی عێراقەوە لە (28/6/1987) لە دژی هاوڵاتیانی سەردەشت و گوندی (ڕەشە هەرمێیان)ی رۆژهەڵاتی كوردستان و لە ئەنجامدا بوە هۆی شەهیدبونی (130) هاوڵاتی سڤیل و برینداربونی ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی كورد، دواتر لە (16/3/1988) شاری هەڵەبجەو خورماڵ و دەوروبەری بەر هێرشی فڕۆكەكانی عێراق كەوتن و بوە هۆی شەهیدبونی نزیكەی (5000) هاوڵاتی و بریندار بونی سەدان كەسی دیكە، كە تائێستاش ژمارەیەكیان بەدەست ئێش و ئازارەوە دەناڵێنن.

جەنگ بەژمارە
عێراق: لەلایەن سەدام حوسێنەوە سەرکردایەتی دەکرا

ئێران : لەلایەن ئایەتوڵا خامنەیی سەرکردایەتی دەکرا

هێزە چەکدارەکانی عێراق
سوپا: 190 هەزار سەرباز
چەکی ئاسمانی: 18 هەزار
بەرگری ئاسمانی: 10 هەزار
چەکی دەریایی: 4 هەزار

هێزە چەکدارەکانی ئێران
سوپا: 150 هەزار سەرباز
هێزی ئاسمانی: 70 هەزار
هێزی دەریای: 10 هەزار

زیانەکانی عێراق
کوژراو: 340 هەزار کەس         
بریندار: 700 هەزار کەس
پەنابەر:400 هەزار کەس  
دیلکراو: 70 هەزار کەس

زیانەكانی ئێران
کوژراو: 730 هەزار کەس
بریندار: یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس
پەنابەر: دو ملیۆن کەس
دیلکراو: 45 هەزار کەس

راگرتنی شەڕ
هەردو وڵات رازیبون بە راگرتنی شەڕ، ئەوەش بەپێی بڕیارێکی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتبو کە ئەوانیش بریتیبو لە:
1-راگرتنی تەقەکردن
2-کشانەوەی هێزەکان بۆ سەر سنور
3-گۆڕینەوەی دیلکراوەکان
4-ئەنجامدانی پەیماننامەی ئاشتی
5-دوبارە بونیادنانەوەی وڵات بەهاوکاری نێودەوڵەتی

بەم شێوەیە، درێژین جەنگی سەدەی بیستەم بە یەک ملیۆن قوربانی کۆتایی هات.

دواى (33) ساڵ
ئەمڕۆ کە (33) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو جەنگەدا، دۆخەکە تەواو جیاوازە و ئێران بە سود وەرگرتن لە کەوتنى رژێمى پێشوى عێراق و ناجێگیرى دۆخى سیاسى، بەتەواوى هەژمونى لەسەر سیاسەتى عێراق دروست کردووە و لەئێستادا بەدەیان گروپ و رێکخراوى چەکدارى لە عێراقدا لە تارانەوە فەرمان وەردەگرن و تەواو وابەستەى سیاسەت و تێڕوانینى ئێرانن. واتا کەوتنى رژێمى (سەدام حسێن) لە ساڵى (2003) گۆڕانى گەورەى ستراتیژى لە پەیوەندییەکى ئەم دوو دەوڵەتە دروستکرد، بەشێوەیەک پەیوەندییەکانى ئێران و عێراق لە قۆناغێکى دوژمنکارییەوە گوازرایەوە بۆ قۆناغێکى نوێ، ئەوەى رۆڵى سەرەکیشى بینى لەم گۆرانەدا پێکهینانى حکومەتى عێراق بوو لەلایەن شیعەوە.

ئامادەکردنی/ وریا فەتاح

432 جار خوێندراوەتەوە