کەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی دێت؟

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 03/06/2021
تەندروستی
+
-

بەڕێوبەری لقی ئەوروپاى ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرایدەكات، كۆتایهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە تەنها لە حاڵەتێكدا دەبێت، ئەوەش پەیوەندی بە ڕێژەی كوتانەوە هەیە.

 
هانز كلۆگە بەڕێوبەری لقی ئەوروپای ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەكات، ناتوانرێت نەخۆشی كۆڤید 19 تێپەڕێنین ئەگەر 70% دانیشتوانی جیهان ڤاكسینی كۆرۆنا بەكارنەهێنن و خۆیان نەكوتن.

 

كلۆگە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "پەتاكە كۆتایی دێت كاتێك ڕێژەی كوتان بەلایەنی كەمەوە 70% تێدەپەڕێنێت" ئاماژەی بەوەش كردووە هەڵمەتەكانی كوتان لە ئەوروپا زۆر بە خاوی دەڕوات، چونكە بەهێزی جۆرە نوێكانی ڤایرۆسەكە ترس و دڵەڕاوكێی زۆری دروستكردووە.

 

ئەو بەرپرسەی تەندروستی جیهانی نیگەرانە لە بەرزبونەوەی ئاستی توشبوون بە جۆرە گۆڕاوەكانی كۆرۆنا و دەڵێت " دەزانی بی.1617 كە جۆرە هیندییەكەیە بەهێزترە، بی.117 كە جۆرە بەریتانییەكەیە لە جۆرەكانی دیكە زیاتر دەگوازرێتەوە" بەڵام ئەو جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی ڤاكسینەكان دژی ئەو جۆرانەن كە تائێستا دەركەوتوون.

 

هانز كلۆگە بەگرنگی دەزانێت هەڵمەتەكانی كوتان خێراتر ئەنجام بدرێن بۆ ئەوەی سنورێك بۆ ڤایرۆسەكە دابنرێت كە زۆر درێژەی كێشا "زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرا".

 

"لەكاتی بڵاوبونەوەی هەر پەتایەك خێرایی گرنگە، كات لەدەستمان دەڕوات، پێویستە خێراتر هەڵمەتەكانی كوتان ئەنجام بدرێت و ژمارەی ڤاكسینەكان زیادبكرێت" بەڕێوبەری لقی ئەوروپی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وادەڵێت.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەو 53 ناوچەیەی سەر بە لقی ئەوروپی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییە، تەنها 26% هاوڵاتیان ژەمی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، لەسەر ئاستی یەكێتی ئەوروپاش 36.6% ژەمی یەكەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، ئەوانەش كە كوتانەكەیان تەواوبووە ڕێژەیان 16.9%.

3816 جار خوێندراوەتەوە