عێراق؛ زیاتر لە سێ هەزارکەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو کاندید کردووە

KNN : Kurdish News Network
04:16 - 02/05/2021
عێراق
+
-

لە سەرتاسەرى عێراق زیاتر لە سێ هەزار کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەران کاندید کردووە، لەو ژمارەیەش (138) یان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانن.

جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى خۆیان وەک کاندیدى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تۆمارکردوە، سێ هەزار و (523) کەسە.

سەبارەت بە ژمارەى هاوپەیمانى و پارتە سیاسیەکان کە بەشدارى لە هەڵبژاردندا دەکەن، وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەلبژاردنەکان رایگەیاند، (42) هاوپەیمانى لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند کراوە، هەروەها (267) پارتى سیاسیش بەشدارى لە هەلبژاردنەکەدا دەکەن.

سەبارەت بە پارێزگاکانى هەریمى کوردستانیش حسێن رەقیب، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لە هەولێر (53) کاندید تۆمارکراون کە (33) یان کاندیدى پارتە سیاسیەکانن و (12) یان کاندیدى هاوپەیمانیەکانن و (10) کاندیدشیان سەربە پێکهاتەى مەسیحین.

 سەبارەت بە پارێزگاى سلێمانیش ئەو بەرپرسەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، لە سلێمانى (65) کاندید تۆمارکراون کە (33) یان کاندیدى پارتە سیاسیەکانن و (15) شیان کاندیدى هاوپەیمانیەکانن و (17) یان کاندیدى تاکە کەسین.

بەوتەى بەڕێوەبەرى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاى دهۆکیش (28) کاندید تۆمارکراون، (18) یان کاندیدى پارتە سیاسیەکانن، دوو کاندیدشیان کاندیدى هاوپەیمانیەکانن، دوو کاندیدیشیان سەر بە پێکهاتەى مەسیحین.

523 جار خوێندراوەتەوە