پێویست بە ترس ناكات، كاریگەرییە لاوەكییەكانی ڤاكسینی كۆرۆنا ئەمانەن

KNN : Kurdish News Network
09:30 - 23/04/2021
ڕاپۆرت

ئەگەر پێكوتەی دژە كۆرۆنات بەكارهێناوە و توشی بەربونەوەی پلەی گەرمی و چەند نیشانەیەكی دیكە بویت، ئەوا پێویست بە ترس ناكات، بەڵكو ئەوە نیشانەیە بۆ كاریگەری ڤاكسینەكە لەسەر كۆئەندامی بەرگری لەش، ئەگەر ئەو كەسێك ئەو نیشانانەشی نەبێت، ئەوا ڤاكسینەكە كاریگەری خۆی دەبێت.

دیارترین كاریگەرییە لاوەكییەكان چییە؟

 
دكتۆر پیتەرهۆتیز، پسپۆڕی پێكوتەكان و ڕاگری قوتابخانەی نیشتمانی لە كۆلێژی كەمەرەی و كۆلیژی پایلۆری پزیشكی ئاشكرای دەكات، دیارترین ئەو نیشانانەی كە دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە لەسەر كەسێك دەردەكەوێت بریتین لە ئازاری شان و جەستە و هەستكردن بە ماندوێتی، لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش.
ئەو پسپۆڕە لەبارەی ئەزمونی خۆیەوە دەڵێت "دوای وەرگرتنی ژەمی دووەمی پێكوتەی فایزەر هەستم بە لەرز و سەرما كرد".
ئەو پسپۆڕە باسی لەوەش كردووە، نیشانەكان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێك كەس توشی ئازار و سوربونەوە دەبن، شوێنی دەرزییەكە دەئاوسێت، هەندێكی دیكە سەرئێشە و دڵ تێكەڵهانیان دەبێت.

ژمارەی ئەو كەسانەی چەندە كە كاریگەری لاوەكی لەسەریان دەردەكەوێت؟

 
مونسیف سالاوی، ڕاوێژكاری ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە ئەمریكا باس لەوەدەكات، لەكاتی ئەزمونكردن و تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە( 10% ) بۆ (15%)ى خۆبەخشەكان، ئەو كاریگەرییانەیان لەسەر دەركەوتووە.
سالاوی دەڵێت "زۆرینەی ئەوانەی پێكوتەكەیان بۆ بەكاردەهێنرێت بەشێكی كەمی ئەو نیشانە و كاریگەرییە لاوەكییانە لەسەریان دەردەكەوێت".
لەبارەی ئەوانەی هەستیاری بەهێزیان بەرامبەر ڤاكسینەكە هەبووە دكتۆر پیتەر هۆتیز ئاماژە بەوە دەكات، ژمارەیان لەنێوان دوو بۆ پێنج ملیۆن كەسدایە.
ئەو پسپۆڕە ئاشكرای دەكات، ئەنجامی مەترسیداری ڤاكسینەكە لەسەر جەستە لەماوەی (30)خولەكی یەكەمی دوای كوتانەكە دەردەكەوێت، بۆیە بنكەكانی كوتان (15) بۆ (30)خولەك ئەو كەسە لای خۆیان دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری وەڵامدانەوەی جەستە بن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە، دوای تێپەڕینی ئەو ماوەیەش پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات.

كاریگەرییە لاوەكییەكان بەپێی جۆری ڤاكسینەكە دەگۆڕێت؟

پیتەر هۆتیز ڕوونكردنەوە لەبارەی جیاوازی كاریگەرییەكان دەكات و دەڵێت "جەستەی كەسێك بۆ كەسێكی دیكە جیاوازە، بۆیە ڕەنگە كەسێك هەست بە كاریگەرییەكان بكات و كەسێكی دیكە هەست بە باشی بكات".
هاوكات بەپێی جۆری ڤاكسینەكەش كاریگەرییەكان دەگۆڕێت، بەنمونە كاریگەرییە لاوەكییەكانی پێكوتەكانی مۆدێرنا و فایزەر لەوانی دیكە زیاترە، ئەوەش مەترسیدار نییە بەڵكو تاڕادەیەك بێزاركەرە و ڕۆژێك بۆ دوو ڕۆژ دەمێنێتەوە.

ئایا ژەمی دووەم دۆخت خراپتر دەكات، بەراورد بە یەكەم؟

پێكوتەكانی فایزەر و مۆدێرنا لە دوو ژەم پێكهاتوون، بەشێكی ئەو كەسانەی بۆیان بەكارهاتووە باسیان لەوە كردووە ژەمی دووەم بەهێزتر بووە، بەڵام كۆمپانیاكان دەڵێن ئەوە نیشانەی كاریگەری ڤاكسینەكەیە و لەناو لەشدا ئەو كارە دەكەن كە پێویستە.
مایكڵ وۆربی مامۆستای زانستی زیندەوەرزانی لە زانكۆی ئەریزۆنا دەڵێت "ژەمی یەكەم وادەكات جەستە بەتەواوى وەڵامدانەوەی هەبێت، ژەمی دووەمیش خانەكان وەك سوپایەك بە خێرای كاردەكەن بۆ ئەوەی وڵامدانەوەی بەرگری لەش زۆر خێرا و گەورەبێت".

دەكرێت تەنها ژەمی یەكەمی پێكوتەكە وەربگیرێت؟

 
لەبارەی ئەگەری وەرنەگرتنی ژەمی دووەم، پیتەر هۆتیز دەڵێت "ئەوە بیرۆكەیەكی زۆر خراپە".

لەچ كاتێكدا دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە پێویست بە ڕاوێژ و سەردانی پزیشك دەكات؟

 
بەپێی ڕێنماییەكانی ناوەندە ئەمریكییەكان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی و خۆپارێزی، لەزۆرینەی حاڵەتەكاندا ئازار و ماندوێتی لەش هەروەها بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بابەتێكی ئاساییە و پێویست بە ترس ناكات، بەڵام ئەگەر نیشانەكان زۆر بوون و توشی دڵەڕاوكێ كردیت، هەروەها بۆ چەند ڕۆژێك بەردوام بوو، دەكرێت ڕاوێژ بە پزیشكی پسپۆڕە بكرێت.

ئایا لەكاتی كوتاندا پێویست بە وەرگرتنی مۆڵەتی كار دەكات؟

 
وەرگرتنی پشوو مۆڵەتی كار هیچ پێویست نییە، ئەگەر كەسێكیش لەڕۆژی یەكەمدا پشووبدات و بەتەنها بمێنێتەوە ئەوا تەنها بۆ ئاسودەیی خۆیەتی، بەڵام هەر باشترە كۆبونەوەی گرنگی كار و بۆنە و كۆبونەوەی خێزانی لەو ڕۆژەدا دانەنرێت.


963 جار خوێندراوەتەوە