بەشێكی ڕۆژوەوانان لە مانگی ڕەمەزاندا توشی
سەرئێشەدەبن، ئەوەش بووە حاڵەتێكی باو و زۆرینەی ڕۆژەكان لایان دووبارە دەبێتەوە،
پزیشكە پسپۆڕەكانیش ئەوە بە حاڵەتێكی ئاسایی دەبینن، چونكە ئەو كەسە بۆ ماوەی زیاتر
لە (14) كاتژمێر هیچ خواردن و خواردنەوەیەك
ناچێتە گەدەیەوە ئەوەش كاریگەری لەسەر جەستەی دەبێت.
یەكێك لەو حاڵەتانەی وادەكات كەسێك لەڕەمەزاندا
توشی سەرئێشە بێت، كەمبونەوەی رێژەی شەكری خوێنە كە كاریگەری لەسەر دەمارەكانى سەر
هەیە، هەروەها بەشێكی دیكەی هاوڵاتیان بەهۆی ئالودەبوونیان بەو خواردنەوانەی بڕێكی
زۆر كافینی تێدایە وەك چا و قاوە و نەخواردنەوەیان لەكاتی بەڕۆژوبووندا توشی ئەو
حاڵەتە دەبن.
پسپۆڕانی تەندروستی پێنج ڕێنماییان داناوە بۆ
كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بەسەرئێشە، ئەوانیش بریتین لە:
1- دووركەوتنەوە لەو كارانەی لەش و مێشكی مرۆڤ
ماندوو دەكات.
2- خواردنی خۆراكی تەندروستی لە ژەمەكانی بەربانگ
و پارشێودا.
3- زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەكان لەماوەی
نێوان ژەمی ئێوارە و پارشێودا.
4- خەوی پێویست لەكاتی گونجاودا كە لە هەشت
كاتژمێر كەمتر نەبێت.
5- ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان بەشێوەیەكی
ڕێخراو و بەردەوام.
جگە لەو ڕێنماییانە باشترە پارشێوان لەكاتێكی
درەنگدا بكرێت، واتە ماوەیەك پێش بانگی بەیانی نانی ئەو ژەمە بخورێت، باشترین
خواردنەكانیش شیرەمەنی و خۆراكە پڕ پرۆتینەكانە، لەگەل هەنگوین و میوەی شیرین كە
وادەكەن ڕێژەی شەكر دانەبەزێت بەوەش ئەگەری توشبوون بە سەرئێشە كەمدەبێتەوە.
1497 جار خوێندراوەتەوە