هۆكارەكانی ڕەتكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا لەلایەن خەڵكییەوە

KNN : Kurdish News Network
09:57 - 12/04/2021
ڕاپۆرت
+
-

هەندێك كەس كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا ڕەتدەكەنەوە، ئەمە ئەو حاڵەتەیە كە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان بونی هەیە و چەندین كەس لە تەمەنە جیاوازەكان بە بەهانەی جۆراوجۆر، ڕەتیدەكەنەوە خۆیان بە ڤاكسینەكە بكوتن، بەهانەی ئەو كەسانە چییە و بۆچی ڤاكسینەكە ڕەتدەكەنەوە، هەڵوێستی زانست لەوبارەیەوە چییە؟

 

پەیمانگای بانكی وەبەرهێنانی ئەوروپی و پەیمانگای سویسری بۆ هونەری زانست، دامەزراوەی كینۆب، توێژینەوەیەكیان لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامداوە و ڕای ئەو ئەڵمانیانەیان وەرگرتووە كە پێكوتەكانی دژە كۆرۆنا ڕەتدەكەنەوە.
بەپێی توێژینەوەكە ئەوانەی گومانیان لە ڤاكسینەكان هەیە چەند هۆكارێك وایكردووە توشی ئەو حاڵەتە ببن ئەوانیش بریتین لە:
1-  ترس لە لەدەستدانی هەستی بینینی درێژخایەن بەهۆی كوتانەكەوە.
2-  خێرا پەسەندكردنی ڤاكسینەكان و زوو بڕیاردان بۆ بەكارهێنانی لە تەواوی جیهان.
3-  هەندێك كەس تائێستا باوەڕیان بە بونی ڤایرۆسەكە نییە، گومانیان لەو ژمارانەی توشبووانی هەیە كە ملیۆنانی تێپەڕاندووە.
4-  بەشێكی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەنێوانیاندا تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت، بۆ ئەو كەسانەی بەردەست نییە كە پێكوتەكان ڕەتدەكەنەوە و چاودێری ناكەن و بەكارهێنەری بەردەوامی نین.

 

توێژینەوەیەكی دیكەی ئەمەریكی كە لەسەر هەڵوێستی خەڵكی بەرامبەر ڤاكسینەكان كراوە لەلایەن تیمۆسی كالاهان مامۆستای یاریدەدەر لە كۆلێژی تەندروستی گشتی لە زانكۆی تەكساس ئەنجامدراوە، ئەویش بە ئامانجی باشتر تێگەیشتن لە نیاز و تێگەیشتنی ئەمەریكییەكان بەرامیەر ڤاكسینەكان.
یەكێك لەو بابەتانەی توێژینەوەكە دەریخستووە ڕۆڵی سیاسەت بووە، بەجۆرێك ( 18%) ئەوانەی توێژینەوەكەیان لەسەر ئەنجامدراوە بە هۆكاری سیاسی ڕەتیانكردۆتەوە ڤاكسینەكە بەكاربهێنن، بەشێكی دیكەش بەهۆی ترس و گومان لە كاریگەرییەكانی، بەركاهێنانیان ڕەتكردۆتەوە.

زانست لەوبارەیەوە چی دەڵێت؟
عەلی فەتوم پسپۆڕی پێكوتەكان و مامۆستا لە زانكۆی میشیگان دەڵێت "پێكوتەكان باشترین داهێنانی ئەقڵی مرۆڤە لە (100)ساڵی ڕابروودا".
ئەو پسپۆڕە باسی لەوەكردووە، ڤاكسینەكان سەرجەم قۆناغەكانی سەلامەتییان بڕیوە، ئەوانەش كە گومانیان لێی هەیە و خەڵكی دەترسێنن، نەشارەزان و هیچ لە بابەتەكە نازانن، بڵاوكردنەوەی گومانیش لەوبارەیەوە بابەتێكی نائەخلاقییە، چونكە خەڵكی ساردەكەنەوە لە وەرگرتنی.
فەتوم بە گرنگی دەزانێت زانیاری پێویست لەو بارەیەوە بڵاوبكرێتەوە تا خەڵكی بگەنە ئەو بڕوایەی پێكوتەكە وەربگرن و ئەو مەترسیانەش كە ڤاكسینەكە هەیە ئەگەرێكی زۆر كەم و لاوازە بەراورد بەو ئەنجامەی دەستدەكەوێت.

ڕزگاركردنی ژیان
بەپێی ئەنجامی شیكارییەك كە دەستەی تەندروستی گشتی لە ئینگلتەرا ئەنجامیداوە، ڤاكسینەكانی كۆرۆنا تائێستا زیاتر لە شەش هەزار كەسیان ڕزگاركردووە.
بەپێی شیكارییەكە ژمارەی ئەو كەسانەی تەمەنیان سەروو حەفتا ساڵە و لەنێوان چوار ملیۆن توشبوودا ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەبوو، بەهۆی ڤاكسینەوە كەمی كردووە، بەجۆرێك ژیانی پێنج هەزار و (900) كەسی تەمەن سەرو هەشتا ساڵ و (200) كەسی تەمەنی حەفتا ساڵ ڕزگاركراوە.

لای خۆیەوە د.ئەمجەد خەولی ڕاوێژكاری پەتاكان لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرای دەكات، ئەو گومان و ترسە لەگەڵ دروستبونی هەر ڤاكسینێك بونی هەبووە، دەیان پێكوتە دروستكراوە و كاریگەری زۆریان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتادا خەڵكی ترسێكی زۆریان لێی هەبووە.

539 جار خوێندراوەتەوە