ڕۆژی تەندروستی جیهانی

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 07/04/2021
تەندروستی
+
-

حەوتی نیسانی ساڵی 1948 ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دامەزرا، ئەوەش بە ئامانجی گرنگیدان بە تەندروستی گشتی لەوڵاتانی جیهان و گەیاندنی هاوكاری بۆ ئەو وڵاتانەی كێشەی كەمیی دەرمان و بڵاوبونەوەی نەخۆشییان هەیە، لەگەڵ چەندین مەبەستی دیكەی گرێدراو بە سەلامەتی و لەشساغی هاوڵاتیانی جیهان.

 

دوای دوو ساڵ و لە حەوتی نیسانی ساڵی 1950، كە ساڵیادی دامەزراندنی (WHO) بوو، بڕیاردرا ڕۆژەكە تایبەت بكرێت بە ڕۆژی تەندروستی جیهانی و ئەو كارمەند و پەرستارانەی لەو بوارەدا كاردەكەن، یادەكەش هەر ساڵە و لەژێر ناونیشانێك و گرنگیدان بە بابەتێكی دیاریكراوی تەندروستی بكرێتەوە.

 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێكخراوەكە گرنگی بە چەندین بابەتی دیاریكراو داوە و لەو ڕۆژەدا چەندین نەخۆشی و كێشەی تەندروستی باسكراوە، بۆ ئەمساڵیش "2021...جیهانێكی پڕ یەكسانی و تەندروستی" وەك ناویشانی ڕۆژەكە دیاریكراوە.

 

تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تیشكی خستە سەر كۆمەڵە بابەتێكی لەوانە بەردەستبونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، بەجۆرێك كۆمەڵە كەسانێك هەن خاوەنی تەندروستییەكی باشن و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بۆیان بەردەستە، ئەوەش پەیوەندی بەو ژینگەیەوە هەیە كە تێیدا لەدایكبوون و ژیاون و پیربوون، لەبەرامبەردا چینێكی دیكە هەیە لە دۆخێكی خراپدان و هیچ خزمەتگوزاری و پێداویستییەكی تەندروستی بۆیان بەردەست نییە.

 

بۆ دووەم ساڵە یادی ڕۆژەكە دەكەوێتە سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە تەواوی جیهانی گیرۆدەكردووە و بە ملیۆنان حاڵەتی توشبوون و مردن بەهۆیەوە تۆماركراوە.

 

لەوبارەیەشەوە ڕێكخراوی (WHO) دەڵێت "كۆرۆنا زیانی لەهەموو وڵاتەكان داوە، بەڵام كاریگەرییە زۆر خراپەكە لەسەر ئەو كۆمەڵگانەبووە كە دۆخیان خراپە و هەژار و دواكەوتوون، ئەوەش وایكردووە نەخۆشییەكە زیاتر تێیاندا بڵاوبێتەوە".

 

ڕۆژی تەندروستی جیهانی لەكاتێكدا یاد دەكرێتەوە، ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا 133 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی ئەوانەش كە بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە نزیك دەبێتەوە لە سێ ملیۆن كەس و زیاتر لە 106 ملیۆن كەسیش چاكبونەتەوە.


547 جار خوێندراوەتەوە