بەرپرسێکی پێشوی ئەمەریکا: ترەمپ بەنیاز بووە بەشار ئەسەد بکوژێت

KNN : Kurdish News Network
04:37 - 15/02/2021
جیهان
+
-

جێگری راوێژکارێکی پێشوی ئەمەریکا رایگەیاند، لە ساڵی (2017)دا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا بەنیاز بووە بەشار ئەسەد)ی سەرۆکی سوریا بکوژێت.

 

 
رۆژنامەی ئیندیپێندی بەریتانی لەسەر زاری (کاتلین ترۆیا مەکفارلاند) جێگری راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی بڵاویکردۆتەوە، دوای بڵاوبوەنەوەی وێنەی هێرشی غازی (سارین) دژی هاوڵاتیانی سوریا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو بە نیاز بووە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بکوژێت، بەڵام دواتر ترەمپ گەیەنرایە ئەو باوەڕەی پاشەکشە بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی (2017) دوای چەند هەفتەیەک لە دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە (بەشار ئەسەد) لەناو دەبات، بەڵام دواتر ترەمپ گەیەنرایە ئەو باوەڕەی کە ئەنجامدانی ئەو کارە راگەیاندنی شەڕە.

 

ڕۆژی (4ی نیسانی ساڵی 2017) بەهۆی بۆردومانی شارۆچکەی (خان شەیخون)ی سەر بە پارێزگای ئیدلیب زیاتر لە (80) کەس کوژران و زیاتر لە (500) هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، سەرچاوە پزیشکییەکانیش ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە بۆمبەکان هەڵگری گازیی کیمیایی بوون، لەکاردانەوەی ئەو هێرشەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی (7/4/2017)، بە بڕیاری ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتە، سوپای ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاستەوە (59) موشەکی کروز و تۆماهۆکی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی ئەلشەعیرات کرد لە پارێزگای حومس، کە سوپای ئەمریکا پێی وایە هێرشە کیمیاییەکە لەو فڕۆکەخانەیەوە ئەنجامدراوە.

654 جار خوێندراوەتەوە