بەرشەلۆنە، جامى سۆپەر و میسى لەدەستدا

KNN : Kurdish News Network
08:46 - 18/01/2021
وەرزش
وێنە؛ یاریزانانى بلباو لە کاتى ئاهەنگ گێراندا

یانەى ئەتلەتیک بلباو توانى خەونى کۆمان تێکبشکێنێت و یارى کۆتاى جامى سوپەرى ئیسپانیاى لێبباتەوە، بەرشەلۆنە هەرتەنها نازناوەکەى لەدەستنەدا بەڵکو ئێستا لە چاوەڕوانى سزادانى لیۆ مێسی وەستاوە ئەوەش دواى ئەوەى بەکارتى سور کرایە دەرەوە.

شەوى رابردو، یاریگاى(لا کارتۆخا)ى شارى سێڤیلیا بووە مەیدانى روبەڕوبونەوەى یارى کۆتای جامى سوپەرى ئیسپانیا لە نێوان بەرشەلۆنە و ئەتلەتیک بلباو و یاریەکەش بە دۆڕاندنى بەرشەلۆنە بە ئەنجامى (3 بە 2) کۆتایى هات.

بەرشەلۆنە، تەنها سێ خولەک لە بەدەستهێنانى نازناوەکەوە دوربو کاتێک لە خولەکى (90)، ئەسیل ڤیلالبێر گۆڵى یەکسانى بلباوى کرد و یارییەکەى خستە کاتى زیادکراو، ئەوەش دواى ئەوەى تا خولەکى (89) بەرشەلۆنە بە دوو گۆڵى ئەنتۆنیۆ کریزمان لەپێشەوەبوو.

لەگەڵ دەستپێکى کاتى زیادکراوى گێمى یەکەم، کوڕانى هەرێمى باسک دەستپێشخەریان کرد و لە رێگەى ولیامسەوە و بە گۆڵێکى ناوازە ئەنجامەکەیان کرد بە سێ گۆڵ و بەرشەلۆنەیان توشى پاڵەپەستۆ و زەحمەتییەکى زۆرکرد.



یارییەکە بەم شێوازە بەردەوامبو تا خولەکى (120)، کاتێک ڤار گەڕایەوە بۆ تۆمارێکى ڤیدیۆیى ئەوەش دواى ئەوەى یاریزان ئەسیل ڤیلالبێر کەوتە بەر توڕەیى میسى و بەشێوەیەکى ناوەرزشیانە لەلایەن لیۆوە لێیدرا و ناوبژیوانیش کارتى سورى بەڕوى گەوهەرەکەى بەرشەلۆنەدا بەرزکردەوە.

لەدواى یارییەکەش میدیا وەرزشییەکانى ئیسپانیاش باس لەوە دەکەن سزاى توند چاوەڕوانى میسى دەکات، چونکە بەپێى ماددەى (98)ى سزاکانى یەکێتى تۆپى پێى ئەو وڵاتە لێدانى بە ئەنقەست و دور لە گیانى وەرزشى سزاکەى لە نێوان (4 بۆ 12) یارییە.

377 جار خوێندراوەتەوە