زۆرینەی ئەو خۆراكانەی ڕۆژانە دەخورێن، بەمەبەستی پاراستن و هێشتنەوەیان بۆ ماوەیەكی زیاتر، لە سەلاجە و ئامێری ساردكەرەوەدا هەڵدەگیرێن، بەڵام پسپۆڕانی خۆراكی ئاماژە بە بونی چەند خۆراكێك دەكەن كە هەڵگرتنیان لە ئامێری ساردكەرەوەدا باش نییە و دەبێتە هۆی تێكچونیان.
ئەو خۆراكانە لە سەوزە و میوە و چەند خۆراكێكی ئاسایی پێكهاتوون و بە هەڵگرتنیان لە ساردكەرەوەدا پێكهاتەكانیان تێكدەچن و باشترە لە دەرەوەی ئەو ئامێرە دابنرێن بەتایبەت لەو كات و وەرزانەی پلەكانی گەرما زۆر بەرز نییە.
1- تەماتە: یەكێك لەو سەوزانەی بەردەوام لە هەموو ماڵێكدا بونی هەیە و زۆرینەی هاوڵاتیانیش لە ئامێری ساردكەرەوەدا هەڵیدەگرن تەماتەیە، بەڕای پسپۆڕەكان هەڵگرتنی تەماتە لە ساردەكەوەدا وادەكات تام و بۆنەكەی لەدەست بدات، هەربۆیە باشترە بەبڕی كەم بكڕدرێت و لە كەشی ئاسایی ژووردا هەڵبگیرێت.
2- رێحانە: هەڵگرتنی سەوزەی ڕێحانە لەناو ساردكەرەوەدا وادەكات تامەكەی لەدەست بدات و تام و بۆنی خواردنەكانی دیكە بۆخۆی ڕابكێشێت.
3- نان: ساردكەرەوە زۆر بەخێرایی نان وشكدەكاتەوە، هەربۆیە دەتوانرێت لە دەرەوەی ساردكەرەوە لە سندوقێكی داخراودا دابنرێت و لەوێدا بۆماوەی چوار رۆژ دەمێنێتەوە.
4- هەنگوین: هەڵگرتنی هەنگوین لە ساردكرەوەدا كریستاڵەكانی تێكدەدات بۆیە باشترە لە دەفرێكی داخراودا هەڵبگیرێت.
5- پەتاتە: دانانی پەتاتە لە ساردكەرەوەدا دەبێتە هۆی گۆڕینی ماددەكانی پێكهاتەكەی ناوی بۆ شەكر و شیرینی دەكات، ئەوەش زیانی بۆ تەندروستی.
6- سیر: هەڵگرتنی سیر لە ساردكەرەوەدا وادەكات ئەو سەوزەیە بچنەوە یەك و دواتر شی ببنەوە، جگە لەوە بۆنی ناو ساردكەرەوەكە ناخۆش دەكات.
7- پیاز: دانانی پیاز لەساردكەرەوەدا یارمەتی گەشەی كەڕوو دەدات لەسـەری ئەوەش بەهۆی بونی ڕێژەیەكی زۆری ئاو لەپێكهاتەكەیدا.
پسپۆڕەكان داوا دەكەن كە گرنگییەكی زۆر بە شێوازی و جۆری هەڵگرتنی خۆراكەكان بدرێت، چونكە هەندێ جار بە هەڵە هەڵگرتنی خۆراك وادەكات زیانی تەندروستی بەدواوە بێت و هۆكاری توشبوون بێت بە نەخۆشی و كێشە تەندروستییەكان.
816 جار خوێندراوەتەوە