تورکیا گازى سروشتى ئازەربایجان بۆ یەکێتى ئەوروپا دەنێرێت

KNN : Kurdish News Network
03:08 - 08/01/2021
جیهان
+
-

تورکیا کارکردنى پڕۆژەى (TAP)ى راگەیاند و رێڕەوێکى نوێى وزەى لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا کردەوە، پڕۆژەکەش بریتیە لە ناردنى گازى سروشتى ئازەربایجان بۆ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا.

وەزارەتى دەرەوەى تورکیا کارکردنی پڕۆژەی (TAP)ى راگەیاند کە بریتیە لە هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتی لە ئازەربایجانەوە و تێپەڕبون بە هەریەک لە وڵاتانى (جۆرجیا، تورکیا، یۆنان و ئەلبانیا) و پاشان گەیاندنی بە ئیتاڵیا کە رێڕەوی باشوری ئەوروپایە.

ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە گازى سروشتى ئازەربایجان دەگاتە ناو ئەوروپا و چوارهەمین هێڵى بۆرى گازى سروشتیە کە لە دەرەوە دەچێتە ناو یەکێتى ئەوروپا.

هێڵە نوێیەکەى گواستنەوەى گازى سروشتى ئازەربایجان ئەگەر بە بەردەوامى کار بکات، ساڵانە لە توانایدا هەیە (20) ملیار مەتر سێجا غاز لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە ناو یەکێتى ئەوروپا.

بڕى تێچوى پڕۆژەکەش پێنج ملیار و (340) ملیۆن دۆلارە و لەلایەن کۆمپانیاى (bp)یەوە کارى دەرهێنانى گازە سروشتیەکە ئەنجام دەدرێت.

تائێستا وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا بە پلەى یەکەم پشتیان بەو گازە سروشتیە بەستوە کە لە روسیاوە بۆیان نێردراوە، بەڵام بە کەوتنەکارى ئەم پڕۆژە نوێیەى تورکیا و گواستنەوەى غازى سروشتى ئازەربایجان بۆ یەکێتى ئەوروپا، روسیا زەرەرمەندى یەکەم دەبێت و ئازەربایجان دەتوانێت بەشێکى زۆر لە پێداویستیەکانى گاز بۆ یەکێتى ئەوروپا پڕبکاتەوە، ئەمەش ئەگەرى هەیە کاریگەرى لەسەر پەیوەندیەکانى روسیا و تورکیا دروست بکات.

642 جار خوێندراوەتەوە