دکتۆر هێرش حەیدەر: دەبێت هاوڵاتیان وەک ڤاکسین لە ماسک بڕوانن

KNN : Kurdish News Network
07:59 - 26/09/2020
تەندروستی
+
-

پزیشکێکى چارەسەرى توشبوانى کۆرۆنا رایدەگەیەنێت؛ دەبێت پێشبینى بکەین ژمارەى توشبوان لە وەرزى پایز و زستان بەرەو بەرزبونەوە بچێت، دەشڵێت: ئاستى خۆپارێزى لەلایەن هاوڵاتیانەوە لاوازە.

دکتۆر هێرش حەیدەر، پزیشکى چارەسەرى توشبوانى کۆرۆنا لە سلێمانى بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN)ى راگەیاند: ئەوەى دەبینرێت ژمارەى مردن بە کۆرۆنا بەرزبۆتەوە، بەڵام لە سلێمانى ژمارەى توشبوان لە ئێستادا لە قۆناغێکى ناوەندیدا لە نێوان (90 بۆ 120) وەستاوە.

باسى لەوەشکرد، پێشبینى دەکەن ژمارەى توشبوان بە کۆرۆنا لێرە بەدواوە بەرەو بەرزبونەوە بچێت، چونکە ئێستا لە وەرزى پایزدان و بەرەو زستان و سەرما دەچن، ئەم وەزرەش وەرزى بڵاوبونەوەى پەتایە، چونکە جگە لە کۆرۆنا چەند پەتایەکى دیکەدا هەیە، بۆیە دەبێت پێشبینى بکەین ژمارەکان بەرز ببنەوە.

لەبارەى پابەندبونى هاوڵاتیانیشەوە بە رێکارە تەندروستى خۆپارێزییەکان، هێرش حەیدەر وتى: بەشێوەیەکى گشتى پابەندبونى هاوڵاتیان زۆر خراپە، دەبێت هاوڵاتى بزانێت بەستنى ماسک و دور وەستان لەیەکتر هەنگاوێکى گرنگە بۆ خۆپارێزى و توش نەبون، دەبێت هاوڵاتیان وەک ڤاکسین لە ماسک بڕوانن و بیبەستن.

ئاماژەى بەوەشکرد، هاوڵاتیان مردن و توشبونى کەسوکار و ئازیزانیان دەبینن، بۆیە هیچ هۆکارێک نەماوە تا پابەند نەبن.

664 جار خوێندراوەتەوە