بەرپرسی سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی
كوردستان رایگەیاند، گولەیەكی ئار پی جی لەسەر جادەی (قەرەداغ – زڕگوێزەوە) ئاراستەی
بارەگاكەیان كراوە، بەڵام هیچ زیانێكی لێنەكەوتوەتەوە.
لەو بارەوە ئارام
مودەڕیسی بەرپرسی سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە دیجیتاڵ میدیای (KNN) راگەیاند،
بەرەبەیانی رۆژی هەینی گولەیەكی ئار پی جی لەسەر جادەی قەرەداغ- زڕگوێز لە نزیك
سلێمانی ئاراستەی بارەگای حزبەكەیان كراوە.
وتیشی، گولەهاوەنەكە بەر لەوەی بگاتە تەلبەندی بارەگاكەیان
تەقیوەتەوە و جگە لە سوتانی پوش و پاوان هیچ زیانێكی تری لێنەكەوتوەتەوە و هەر زوو
هێزەكانیان ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە.
ئەو بەرپرسەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد،
هێزەكانی ئاسایش چوونەتە شوێنەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
ئارام مودەڕیسی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە ئێستادا پەنجەی
تۆمەت بۆ هیچ لایەنێك درێژناكەن جەختیی كردەوە، ئەمە یەكەم جار نییە بنكە و
بارەگاكانیان دەكرێتە ئامانجی كردەوەی "تیرۆریستی" و چەندین جار بە
كاتیوشا و هاوەن و ئار پی جی هێرشیان كرابوەسەر، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو
جۆرە هێرشانە كەمتر بووە، ئەمە یەكەم جارە جوڵەی لەم جۆرە دەستپێبكاتەوە.
702 جار خوێندراوەتەوە