سودە سەرسوڕهێنەرەكانی ناوكی خورما و شێوازی بەكارهێنانی بزانە

KNN : Kurdish News Network
02:22 - 16/05/2020
تەندروستی
+
-

زۆرن ئەو كەسانەی حەز بە خواردنی خورما دەكەن، لە مانگی ڕەمەزاندا ڕۆژوی پێدەشكێنن و لەكاتەكانی دیكەشدا بە چا و قاوە و ماستاوەوە یاخود بە تەنیا دەیخۆن، بێگومان دوای خواردنیشی ناوكەكەی فڕێدەدەن.

 

 
لای هەمووان ئاشكرایە ناوكی خورما دەنكێكی ڕەقی ڕەنگ قاوەییە، زۆرجار دەچێتە پیشەسازی دروستكردنی ئالیكی ئاژەڵەوە، لە چەند وڵاتێكیش قاوەی بێ كافەینی لێدروست دەكرێت، بەپێی ئەنجامی چەند توێژینەوەیەكیش دەكرێت چەند بەكارهێنانێكی دیكەی هەبێت و سود لە پێكهاتەكانی وەربگیرێت.

 

پێكهاتەكانی ناوكی خورما بەپێی جۆری خورماكە دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە ماددە ڕیشاڵییەكان و كاربۆهیدرات و چەوری و پرۆتین پێكهاتووە، هەروەها دەوڵەمەندە بە چەند ماددەیەكی دژە ئۆكسید.

 

بەشێكی ئەو ماددە دژە ئۆكسیدانە لە پێكهاتەكەیدایە بریتین لە فینۆل و بۆلیفینۆل و فلافۆنید، ئەوانەش سودێكی زۆریان بۆ پێست و قژ هەیە، هەروەها ماددە دژە ئۆكسیدەكانی كرداری هەرس ئاسان دەكەن و بۆ جوڵەی ڕیخۆڵەكان گرنگن، ئەمە جگە لەوەی چەند ترشێكی ئەمینی تێدایە وەك ترشی گلۆماتیك، ئۆلیك، بالمتیك، ئەو ترشانەش دژی نەخۆشییە درێژخایەنەكانن.

 

ناوكی خورما پێكهاتەی برانسۆسیاندینی تێدایە كە پارێزگاری لە جگەر و گورچیلەكان دەكات، هانیان دەدات ئەركە بایۆلۆجییەكانیان بە باشی و خێرایی ئەنجام بدەن.

 

سەبارەت بە سودەكانی ناوكی خورما پسپۆڕانی تەندروستی باس لەوە دەكەن، پێكهاتەكانی پێستی سەر بەهێز دەكات و ڕێ لە دروستبونی كڕێش دەگرێت، هەروەها بەكتریا و ڤایرۆسی زیانبەخشی بێخی سەر دەكوژێت، ئەمە جگە لەوەی چارەسەرە بۆ قژی وشك و هەڵوەرینی تاڵەكان، ڕێگری لە زوو دەركەوتنی تاڵی سپیش دەكات.

 

سەبارەت بە چۆنێتی سود وەرگرتن لە ناوكی خورما پسپۆڕان چەند ڕێگایەكیان داناوە ئەوانیش بریتین لە:

 
1- هاڕینی ناوكی خورما، پاشان زیادكردنی كەوچكێك لە هاڕاوەكە بۆ كوپێك شیر.

2- هاڕینی ناوكی خورما، تێكەڵكردنی كەوچكێك لەگەڵ پەرداخێك ئاودا و خواردنەوەی لە بەیانیاندا.

3- دەكرێت هاڕاوەی ناوكی خورما بكرێتە پێكهاتەی نان و سەمون و بەرهەمە هەویرییەكانی دیكەوە.

4- هاڕاوەی ناوكی خورما تێكەڵی شەربەت و خواردنەوەكانی دیكە دەكرێت.

5- دەتوانرێت ناوكی خورما بۆ ماوەی 24 سەعات بخرێتە ئاوەوە، دواتر لەگەڵ ئەوەكە بهاڕدرێت و وەك سۆس بۆ پێكهاتەی زەڵاتە بەكاربهێنرێت.

1119 جار خوێندراوەتەوە