پێنج ڕێنمایی بۆ ئەوەی لەم كاتەدا پێویستت بە پزیشكی ددان نەبێت

10:19 - 08/04/2020
تەندروستی

دامەزراوە تەندروستییەكان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هۆشداریان داوە لە سەردانیكردنی پزیشكی ددان لەم دۆخەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، لە زۆرینەی وڵاتەكانیش نۆڕینگە و نەخۆشخانەكانی تایبەت بە ددان داخراون و خزمەتگوزارییەكانیان وەستاندووە، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی هاوڵاتییەكانیان لە ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا.

 

 
ڕۆژنامەی ستانداردی بەریتانی لە زاری پزیشكە پسپۆڕەكانەوە، ڕێنماییە تایبەتەكانی بە پاراستنی تەندروستی ددان بڵاوكردۆتەوە كە لە پێنج خاڵ پێكهاتوون، ئەوانیش بریتین لە:

1- دووجار شتنی ددانەكان لە ڕۆژێكدا: پێویستە شەوانە پێش خەوتن و بەیانیان پێش نانخواردن ددانەكان بشۆرێت، باشتریشە ئەو فڵچەیەی بەكاردێت نەرم و بچوك بێت، بۆ ئەوەی بچێتە سەرجەم بەشی ددانەكان و پوك پاك بكاتەوە، هەروەها بەكارهێنانی پەتی پزیشكیش بۆ خاوێنكردنەوەی نێوان ددانەكان زۆر گرنگە.

 

2- بەكارهێنانی هەویری ددانشتنی فلۆراید: باشترە ئەو هەویرەی بۆ شتنی ددان بەكاردەهێنرێت فلۆراید بێت، چونكە ئەو ماددەیە ددان بەهێز دەكات و ڕێگری لە كلۆربونی دەكات.

 

3- دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و ژەمە سوكەكان: پێكهاتەی ددانەكان بەجۆرێك دروستبووە كە لە ڕۆژێكدا سێ جار ترشی بەربكەوێت، ئەویش كاتی سێ ژەمە سەرەكییەكەیە، بۆیە خواردنی میوە و شەربەت و شیرینی  زیانی پێدەگەیەنێت و دەبێت لە 40 خولەك پێش یاخود پاش ژەمە سەرەكییەكان بخورێن، لە دەرەوەی ئەو كاتەش باشترە خۆراكە بێ شەكرەكانی وەك پەنیر و سەوزەكان بخورێن.

 

4- بەكارهێنانی ئاو و خوێ و بیرۆكسیدی هایدرۆجین: خاوێنكردنەوەی ناو دەم جێگرەوەی ددان شتن نییە، بەڵكو سودی خۆی هەیە بەتایبەت لەكاتی بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەدا، چونكە بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكان غەرغەرەكردن بە ئاو و خوێ و بیرۆكسیدی هایدرۆجین، دەبێتەهۆی كوشتنی میكرۆب و بەكتریا و ڤایرۆسە زیان بەخشەكان بە ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە.

 

5- ئازارشكێن: پێویستە لەم كاتەدا دەرمانی ئازار شكێنی ددان لە ماڵی هەمواندا هەبێت بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا بەكاربهێنرێت.

1298 جار خوێندراوەتەوە