كاریگەری جگەرەكێشان و خواردنەوە كهولییەكان لەسەر كۆرۆنا چییە؟

07:15 - 06/04/2020
تەندروستی

تەندروستی جیهانی داوای پابەندبوون دەكات بە سیستمی ژیانێكی تەندروست لەكاتی كەرەنتینە و مانەوە لە ماڵەوە، تاوەكو سنورێك بۆڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا دابنرێت.

 

 

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، خواردنەوە كهولییەكان و جگەرەكێشان سیستمی بەرگری لەش لاواز دەكەن، ئەوەش لە چەندین توێژینەوەدا سەلمێنراوە، بەو لاوازبونەش ئەگەری توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا زیاد دەبێت.

 

 

لەسەر ئەوڕاپۆرتە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، داوای دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كهولییەكان و جگەرەكێشان دەكات، بە گرنگیشەوە باس لە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان و پابەندبوون بە سیستمی خۆراكی تەندروست دەكات.

 

 

هانز هێنری كلوگ، بەڕێوبەری هەرێمیی لەڕێكخراوەكە دەڵێت "دۆخی تەندروستی پێش توشبوون بەڤایرۆسەكە ڕۆڵێكی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەیە، بە نمونەش ئەو بەتەمەنانەی تەندروستییەكی باشیان هەیە، ئەگەری توشبونیان زۆر كەمترە".

 

 

ئەو بەڕێوبەرەیWHO داوا لەوكەسانە دەكات كە لەماڵەوە دەمێننەوە، لەسەر سیستمی ژیانێكی تەندروست بن و خۆراكی باش بخۆن، هەروەها چالاكییە جەستەییەكان ئەنجام بدەن، بە هەموو شێوەیەكیش دووربن لە خواردنەوە كهولییەكان ‌و جگەرەكێشان.

 

 

ڕۆژنامە بەریتانییەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا داوای كەمكردنەوەی ماوەی دانیشتنی كردووە، لە بەرامبەردا بەپێوە وەستان و ئەنجامدانی كاروبارەكانی ناوماڵ بۆ زیاتركردنی جوڵە زۆر گرنگە، لەگەڵ ڕۆژانە 30 خولەك وەرزشكردن.

 

 

پێشتر چەند توێژینەوەیەك ئاشكرایان كردبوو، ئەوانەی پێش توشبوونیان بە كۆرۆنا كێشەی تەندروستی دیكەیان هەبووە، ئەگەری مردنیان زیاترە، بەجۆرێك لەكۆی 10 مردوو بە هۆی ڤایرۆسەكەوە، هەشتیان نەخۆشییەكانی دڵ، خانەكانی خوێن، شەكرە و فشاری خوێنیان هەبووە، لای هەمووانیش ڕوونە خواردنی ناتەندروست، جگەرە كێشان و خواردنەوە كهولییەكان هۆكارێكی سەرەكی توشبوونن بەو نەخۆشییانە.

2867 جار خوێندراوەتەوە