ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەناو کەشتییەکەی ژاپۆن بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە

04:43 - 10/02/2020
جیهان

ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو کەشتییەکەی ژاپۆن، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، بۆ دوو هێندە بەرزبووەوە.

وەزارەتی تەندروستی ژاپۆن رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لانی کەم٦٠ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەم جۆرەش کۆی ئەو کەسانەی لەناو کەشتییەکەدا تووشی کۆرۆنا بوون، بۆ ١٣٠ کەس بەرزبووەوە.

لە ئێستادا سەرجەمی ئەو کەسانەی لە ژاپۆن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، گەیشتووەتە ١٥٥ تووشبوو.

کەشتییەکەی یابان، ماوەی چەند رۆژێکە لە بەندەری یۆکۆهاما لە باشوری شاری تۆکیۆ، خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.

یەکەم کەس لە کەشتییەکەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، پیاوێکی ٨٠ ساڵ بووە و لە هۆنگ کۆنگ لە کەشتییەکە دابەزیوە.

دوای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە لەم سەرنشینەی کەشتییەکەدا، هەموو سەرنشینەکانی کەشتییەکە خرانە ژێر چاودێرییەوە و جیاکرانەوە.

دواتر ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە خێراییەکی زۆر لە ناو سەرنشینەکانی کەشتییەکەدا بڵاوبووەوە. پاش چەند رۆژێکی کەم، ژمارەی تووشبووانی ناو کەشتییەکە بە ڤایرۆسەکە، گەیشتە ٢٠ کەس.

کەشتییەکە ناوی (Diamond Princess)ە و ٣٧١١ سەرنشینی هەڵگرتووە.

بەرپرسانی یابان رایانگەیاند، لانی کەم، تاکو دوو هەفتەی دیکە کەشتییەکە لە (کارانتینا- جیاکردنەوەی نەخۆش لە دەورووبەر) دەبێت.

سەرنشینەکان تەنها بۆ وەرگرتنی هەوای پاک و هەناسەدان، رێگەیان پێدەدرێت بۆ ماوەیەکی کەم لە پەنجەرە و باڵکۆنی کەشتییەکەوە هەوای پاک هەڵمژن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە لە چین سەریهەڵدا، تاکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسکەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٩١٠ کەس، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکەش بە تەنها لە چین، بۆ ٤٠ هەزار ٢٣٥ کەس بەرزبووەتەوە.

1037 جار خوێندراوەتەوە