بەڵگەى تاوانى هەرێم: گومان دەکرێت کەیسەکەى ئامانج بابانى کوشتن بێت

KNN : Kurdish News Network
11:27 - 06/02/2020
کوردستان
+
-

بەڵگەى تاوانى هەرێم رونکردنەوە لەبارەى کەیسى گیان لەدەستدانى ئامانج بابانى و هاوسەر و منداڵەکەى دەدات و رایدەگەیەنێت: "گومان دەکرێت ئەو کارە خۆکوژى نەبێت، کوشتن بێت".

جەبار ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە کەیسی ئامانج بابانی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گومانیان لە کەیسەکەی ئامانج بابانی هەیە و نەدەبوایە پەلەبکرێت لە خستنەڕووی ئەنجامەکان.

 

ئاماژەى بەوە کرد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیژنەیەکى هونەرى تایبەت لە پسپۆڕانى پێکهێناوە بۆ ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەیەکى ورد لەو بەڵگانەى کە لەناو ئۆتۆمبێلەکە و شوێنى روداوەکەو ئەو رێوشوێنانەى کە کراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى و دادگاوە، بەدواداچونى تەواوى بۆ بکرێت و بتوانرێت راستیەکان بۆ رایگشتى بخرێتەروو.

 

بە وتەى جەبار ئەحمەد، لیژنەکە لە بەروارى (27/10/2019) سەردانى شارى سلێمانى کردوەو لە نزیکەوە پشکنینیان بۆ ئۆتۆمبێلەکە ئەنجامداوە و هەمو ئەو شوێنەوارانەى کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا هەبوە کراوە بە راپۆرتێک.


بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم رایگەیاند، چاوپێداخشانەوە بە راپۆرتى پزیشکى دادى کراوە، کە توێکاریى تەواو ئەنجامدراوە لەسەر کۆچکردوان کە لەناو ئۆتۆمبێلەکە "کوژرابون"، بۆ ئەوەى بتوانن یەکیان بخەنەوە لەگەڵ ئەو شوێنەوارانەى کە لەناو ئۆتۆمبێلەکە ئەو کەسانەى "پێکوژراوە".

 

جەبار ئەحمەد دەڵێت: "دواى بەدواداچونى تەواو بۆ بەڵگە مادیەکان و پشکنینەکان، هەستمانکرد کە حەوت قەوانى فیشەک لەکاتى روداوەکەدا هەڵگیراوەتەوە، سێ لە قەوانەکان تایبەت بون بەو فیشەکانەى کە لە دەمانچەکەى ئامانج بابانیدابوە، بەڵام چوار لە قەوانەکان لە دەمانچەیەکى دیکە تەقێنراوە، کە ئەو دەمانچەیە دەستى بەسەردا نەگیراوە و دیار نییە".

 

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە گومانێک دروست بو لە کێشەکە و بەدواداچونى وردتر بۆ بابەتەکە کراوە و داوا لە بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى کرا رونکردنەوەى تەواو بدەن لەبارەى ئەو بابەتە، بۆیە گومان دروستبو، دەبوایە دادوەرە بەڕێزەکان بەدواداچونى تەواو بکەن و وردتر بینبن، چونکە ئەوەى رویداوە کێشەیەکى زۆر گەورەبوە و کارەسات بوە.

 

بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم وتیشى: "گومان دەکرێت ئەو کارە خۆکوژى نەبێت، کوشتن بێت، چونکە دەبێت رونکردنەوەى تەواو بدرێت و لێکۆلێنەوە زیادتر و وردتر بکرێت".

 

داواش لە هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هەر کەسێک زانیارى زیاترى لەبارەى روداوەکە هەیە پەیوەندى بەو لیژنەیەوە بکات کە بۆ لێکۆڵێنەوەى زیاتر لە روداوەکە پێکهێنراوە.

1320 جار خوێندراوەتەوە