ترەمپ: لەگەڵ تورکیا بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزین

KNN : Kurdish News Network
09:26 - 13/11/2019
جیهان
+
-

لە کاتی پێشوازیکردن لە ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان دەپارێزن و بڕیارە دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان و پرسی ئابوری تاوتوێ بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ ئەردۆغان، تاوتوێی بابەتەکانی س-400 و F-35 دەکەن.

سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش رایگەیاند، لە سوریا ئاگربەست جێبەجێکراوە و هێزەکانیان بۆ پاراستنی نەوت لەوێ دەبن.

 

ترەمپ پێداگریی لەسەر ئەوەکرد کە ھەوڵی فراوانکردنی قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەدەن و رایگەیاند: "پێمان وایە دەتوانین قەبارەی بازرگانیی لەگەڵ تورکیادا بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە. لە ئێستادا قەبارەی بازرگانیی نێوانمان ٢٠ ملیار دۆلارە بەڵام ئەم ژمارەیە دەکرێت بە ئاسانیی بگەیەنرێتە ١٠٠ ملیار دۆلار".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ، چوارشەممە، بە سەردانێکی فەرمی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گەیشتە ئەمریکا و لەلایەن ترەمپەوە لە کۆشکی سپی، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و ١٥ خولەک کۆبوونەوە.

1155 جار خوێندراوەتەوە