پەرلەمانی كوردستان؛ دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات

KNN : Kurdish News Network
03:31 - 15/05/2019
کوردستان
+
-

بەپێی ئەو وادەیەی دانرابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە, دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات.

پەیامنێری KNN لە هەولێر رایگەیاند: تا ئێستا جگە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی چەند كەسێكی تر خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید كردوە.

 سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژ لە رۆژی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیێنێت كە مەرجی یاساییان تێدایە.

هەركەسێك لەوانەی داواكارییان پێشكەش كردووە، ئەگەر ناوی رەتكرایەوە بۆی هەیە لەماوەی (2) رۆژ لە بەردەم دادگای تەمییز تانە بدات، دادگای تەمییز لەماوەی (2) رۆژ تانەكان یەكلایی دەكاتەوە.
 سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی ئاشكرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان، لە ماوەی  سێ رۆژ لە رۆژی دەركردنی بڕیاری كۆتایی لەسەر تانەكان هەڵدەبژێردرێت.

 ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا دەنگدان دووبارە دەكرێتەوە و، كێبڕكێ لەنێوان ئەو دوو پاڵێوراوە دەبێت كە زۆرینەی دەنگیان هێناوە و ئەوەی لەجاری دووەم زۆرینەی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆكی هەرێم، ئەگەر تەنها یەك پاڵێوراویش هەبوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەنگدانی ئاشكرا ئەنجام دەدرێت و، ئەگەر پاڵێوراوەكە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆكی هەرێم.

لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و سوێندخواردنی, دواتر گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكی حكومەت پێشكەش دەكات و ناوەكە دەدرێتە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی هەرێمیش داوا لە كاندیدی راسپێردراو دەكات لە ماوەی مانگێكدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.

كاندیدی راسپێردراویش لە رۆژێكی ئەو مانگەدا سەرۆكی پەرلەمان ئاگادار دەكاتەوەو سەرۆكایەتی پەرلەمانیش رۆژێك دیاریدەكات بۆ ئەوەی كاندیدی راسپێردراوی حكومەت و وەزیرەكانی بەشداری دانیشتنەكە بكەن و لە ناو پەرلەماندا دەنگ لەسەر متمانەدانیان بدرێت.

473 جار خوێندراوەتەوە