وەفدێکی باڵای بزووتنەوەی
گۆڕان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی
کرد. سەردانەکە لە چوارچێوەی کارنامەی نوێی سەرکردایەتی بزووتنەوەکەدایە بۆ گفتوگۆکردن
لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
وەفدەکەی بزووتنەوەی
گۆڕان پێکهاتبوون لە هەریەکە لە (دلێر عەبدولخالق، شاخەوان ڕەئوف بەگ، چۆمان محەمەد
و ڕۆڤان سەروەت) ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکە.
ئامانجی سەرەکی ئەم
دیدارە، گەیاندنی بەرنامەی کاری نوێی سەرکردایەتی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانە بە لایەنە
سیاسییەکان، کە دوای کۆنفرانسی ١٦ی شوباتی ئەمساڵ لە کەرکوک، کارەکانیان دەستپێکردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا،
جگە لە تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان، بارودۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی تەوەری
سەرەکی گفتوگۆکان بوون.
بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی ئەم زنجیرە دیدارانەوە
دەیەوێت ئەجێندا و کارنامەی سیاسیی ئایندەی خۆی بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکان ڕوونبکاتەوە
و هەماهەنگییەکان پەرە پێ بدات.
220 جار خوێندراوەتەوە