بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کاریگەرییەکانی تا بەیانی شەممە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، ٢٠٢٦/٤/٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئاسمانی هەرێم بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری لێزمە باران هەیە و ناسەقامگیری کەشوهەوا تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە کاریگەرییەکەی تا بەیانی شەممە دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان هەوری تەواو بێت و لە کاتەکانی بەیانیدا ئەگەری کەمێک نمەباران لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان هەبێت. هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
(هەولێر ١٨، سلێمانی ١٥، دهۆک ١٥، هەڵەبجە ١٦، گەرمیان ٢٠، چەمچەماڵ ١٦، زاخۆ ١٦، سۆران ١٦، پیرمام ١٣، حاجی ئۆمەران ٩) پلەی سیلیزی.
72 جار خوێندراوەتەوە