ئایا ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە فراوانەی کوردان دژ بە دەستدرێژیی ئەو تاقمە بەکرێگیراوەی (بەناو شەرع) بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، راسیزمە؟ یان مافێکی شەرعیی هەموو گەلێکە کە پشتیوانی لە نیشتمان و نەتەوەکەی بکات و نەکەوێتە سەنگەری گوتار و پیلانی دوژمنان و نەبێتە بەکرێگیراو؟ ئایا ئەم یەکجەستەیی و یەکێتییە نەتەوەییەی ئێستا لە شەقامی کوردییەوە دەبینرێت دژ بە بەکارهێنانی چەمکەکانی (فتوحات و ئەنفال) بۆ سەر خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، نەتەوەپەرستییە یان ئەرکێکی تەواو ئەخلاقی، نیشتمانی و نەتەوەییە؟
سەرەتا، مەسەلەی (ڕۆژئاوای کوردستان) تەنها پەیوەست نییە بە هێزەکانی (هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە)وە، کە لە ئێستادا بە خوێنی دەیان هەزار شەهید، ڕابەرایەتیی خەبات و بەرخودانی ئەو بەشەی کوردستان دەکەن؛ بەڵکو لە بنەڕەتدا دۆزێکی نەتەوەییە لە بەشێکی گرنگی کوردستاندا کە داوای سادەترین مافەکانی خۆبەڕێوەبەری دەکات. دۆزەکە پەیوەندیی بە هیچ پارتێکی سیاسی و دەستە و گروپێکی تایبەتەوە نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی هاوکێشەیەکی سیاسیی ناوچەکەیە کە کورد وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لەسەر خاک و زێدی خۆی، داوای مافەکانی تێدا دەکات، لەبەرامبەریشدا دوژمنان بە هەموو هێزێک هەوڵی سڕینەوەی دەدەن.
لە خەبات و بەرخودانی گەلاندا، مێژوو لەسەر هیچ کەس و گروپێک ڕانەوەستێت، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەک لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا هەیە؛ ئەزموونەکان سەلماندوویانە مێژوو بەزەیی بە کەسدا نایەتەوە و تەنها ئیرادە و هێزی ناوخۆیی بڕیار لەسەر مانەوە دەدات.
بۆ ئێستای ئێمەی کورد، گرنگترین ڕووداو دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانە. زیاتر لە نیو سەدەیە ئەو بەشەی نیشتمان بە گوتارێکی توندی شۆفێنیزمی عەرەبی، هەوڵی سڕینەوەی شوناس و کوردبوونی دەدرێت. تەعریبێکی فراوان، ناوگۆڕین، لێکدابڕانی شارە کوردییەکان و چەسپاندنی زمان، هونەر، کولتوور و پەروەردەی عەرەبی؛ تەنانەت سادەترین ماف کە ڕەگەزنامە بوو، بە کوردان نەدەدرا. بۆ نموونە تا ئێستاش کەسێکی وەک ژەنەراڵ (مەزڵوم عەبدی) کە دیارترین کارەکتەری سیاسی و سەربازیی ناوچەکەیە، ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەو وڵاتەی نییە.
بەڵام لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا، لە ساڵی (٢٠١٢)وە دەرفەتێک بۆ ئەو بەشەی کوردستان هاتە پێش، کە بۆ یەکەمجار لە شاری (کۆبانێ)وە ڕاپەڕین و هەڵمەتی ڕزگاری دەستیپێکرد و هەر زوو تەواوی شارە کوردییەکانی گرتەوە؛ ئەو ڕاپەڕینەی بە (شۆڕشی ١٩ی تەمموز) دەناسرێت. بەمەش ئیدارەیەکی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتە کایەوە، کە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین شێوازەکانی بەڕێوەبردنی دیموکراتی لە ناوچەکەدا دادەنرێت.
لە ئێستادا ئەم ئیدارەیە، پیلانگێڕییەکی گەورەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی لەسەرە بە ئامانجی سڕینەوە و داگیرکردنی. تورکیا و میلیشیاکانی بە پاڵپشتیی هەندێک وڵاتی ناوچەکە و لەژێر بێدەنگی و خیانەتی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکاندا، بە توندترین شێوە هێرشیان کردە سەر. تاوانەکان لە سەربڕین و دیلگرتنی کچانی کوردەوە دەستیپێکرد تا دەگاتە دزی، تاڵانی و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس.
ئایا کاتێک جیهان چاوی داخستووە، کوردان بێنە دەنگ و پشتیوانی لە بەشێکی جەستەی خۆیان بکەن، تاوان و راسیزمە یان ترۆپکی ئەخلاق؟ وەڵامەکە لەو یەکدەنگییەی شەقامی کوردیدا دەبینرێت کە وەک یەک جەستە پشتیوانی بەرخودانی ڕۆژئاوا دەکات. وەک گەلێکی تینووی ئازادی هاوار بۆ مافەکانی دەکات و نەفرەت لە بێدەنگیی ئەمریکا و هاوپەیمانان و بەکرێگیراوان دەکات.
ئەم خۆپیشاندانانە هەموو چین و توێژەکانی گرتووەتەوە؛ لە زانایانی ئایینیی پایەبەرزەوە کە وەک ئەرکێکی ئایینی لە بڵندگۆکانیانەوە پشتیوانیی گەلەکەیان دەکەن، تا دەگاتە گەنجان و قوتابیان. کەچی لەو لاوە کۆمەڵێک (دەمشڕ و بەکرێگیراو) دەبینیت کە لەژێر پەردەی ئاییندا خۆیان مەڵاس داوە و وەک پاشکۆی گوتارە شۆفێنییەکانی (فەیسەڵ قاسم) و هاوشێوەکانی، بەو ڕابوونە نیشتمانییەدا دەڕشێنەوە. ئەوان پشتیان لە گەل و شەرڤانە سەربەرزەکان کردووە و تۆمەتی (کافربوون) بەسەر خەڵکدا دەبەشنەوە.
لێرەدا مەسەلە تەنها ئەوە نییە کە ئەوانە کەمن، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە: لە فەرهەنگی سیاسیی وڵاتاندا چۆن تەماشای بەکرێگیراو و خزمەتکاری دوژمن کراوە؟
لە تەواوی جیهاندا نیشتمان تەنها خاک نییە، بەڵکو کەرامەت و ناسنامەیە؛ نیشتمان وەک دایکی دووەم وایە. بۆیە گەورەترین تاوان، خیانەت و بەکرێگیراوییە دژی گەل و نیشتمان. مێژوو دەیسەلمێنێت ئەو گەلانەی بەرامبەر خائینەکان نەرم بوون، تووشی داڕمان هاتوون.
• لە یابان: خیانەت پەڵەیەکی هێندە ڕەشە، بە مردنیش پاک نابێتەوە. زۆر ئەستەمە کەسێک بدۆزیتەوە کار دژی نەتەوەکەی بکات.
• لە کۆریای باشوور: ئەو کەسانەی لە کاتی داگیرکاریی یاباندا هاوکاریی بێگانەیان کرد، تا ئێستاش نەوەکانیان بە (چینیڵپا) دەناسرێن؛ ئەمە وەک لەکەیەکی ڕەش بە نێوچەوانیانەوە ماوەتەوە.
• لە چین: خیانەت وەک (کوشتنی دایک) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. پەیکەری خیانەتکارێکی وەک (چین هوی)یان بە ملی شۆڕ و چۆکدادراوی دروست کردووە تا خەڵک تف لە ڕوخساری بکەن.
• لە نەرویج: تا ئێستاش گەورەترین جوێن ئەوەیە بە کەسێک بڵێیت (کویزڵینگ)، کە ئاماژەیە بۆ (ڤیدکون کویزڵینگ) کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا هاوکاریی نازییەکانی کرد.
• لە فەرەنسا: تەرمی (مۆرابۆ)یان دوای سێ ساڵ لە ناشتنی، کاتێک بەڵگەی خیانەتەکەی دۆزرایەوە، لە مەزاری ناوداران (پانتێۆن) دەرهێنا و ڕسوایان کرد.
• لە ڤێتنام: بەکرێگیراوەکان وەک ئەو (کرمە) دەبینران کە دارەکە لە ناوەوە دەخوات؛ بۆیە دوای سەرکەوتن، تۆوی خیانەتیان لە ڕەگەوە دەردەهێنا.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بێدەنگی بەرامبەر بەکرێگیراو جۆرێکە لە هاوبەشیکردن لە تاواندا. نەفرەتکردن لەوانەی دژی میللەتی خۆیانن، تەنها ڕقێکی سادە نییە، بەڵکو بەرگرییەکی پیرۆزە بۆ پاراستنی جەستەی نەتەوە و ڕێزگرتنە لە خوێنی شەهیدان.
داگیرکەران دێن و دەڕۆن، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە شکۆی نەتەوە و ڕسوایی ئەبەدییە بۆ ئەوانەی پشتیان لە خاک و خوێنی خۆیان کرد. ئەو کەسەی وەفای بۆ میللەتی خۆی نەبێت، لای بێگانەش تەنها وەک ئامرازێکی بێڕێز دەبینرێت.
لە کۆتاییدا پرسیارێک دەمێنێتەوە: ئایا بۆچی تا ئێستاش لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەو جۆرە بەکرێگیراوانە دەتوانن بە ئاشکرا قسە بکەن و کاریگەرییان هەبێت؟ ئایا کێشەکە لە نەبوونی یاسایەکی توندە، یان لە لاوازیی پەروەردەی نەتەوەیی ئێمەدایە؟
279 جار خوێندراوەتەوە