لە ئێستادا هیچ شتێک هێندەی یەکریزیی نەتەوەیی بۆ کورد گرنگ نییە. رۆژئاوا بە گشتی و شاری کۆبانی بە تایبەتی لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدان؛ تاکە کارتی بەهێزیشمان دوای بەرگریی شەڕڤانان، دەستگرتنە بەو روحیەتە نیشتمانییەی کە جەستەی کوردی یەکخستووە و دوژمنانی میللەتەکەمانی تۆقاندووە.
بەداخەوە، لەم یەک دوو رۆژەی رابردوودا، چەند هەواڵ و پۆستێکی میدیایی دەبینم کە بە نەفەسێکی زۆر تەسکی حیزبییەوە دەنووسرێن. لە راستیدا، ئەمە نەک خزمەت بە دۆخی میللەتەکەمان ناکات، بەڵکو زیانێکی گەورە بەو یەکێتییە نەتەوەییە دەگەیەنێت کە لە ئێستا و داهاتوودا، تەنها بژاردەی سەرکەوتنمانە.
مێژووی کورد پڕە لە شکست و وانەی تاڵ، بەڵام دیارترین وانە کە پێویستە وەک (ئەلفوبێی باڵدار) دووبارە بیخوێنینەوە، پرسی (دوژمنناسی، دۆستناسی و خۆناسی)یە. چونکە کاتێک تورکە شۆڤێنییەکان دەڵێن: ئەگەر کورد لەسەر مەریخیش کیانێک دابمەزرێنێت، دژی دەوەستینەوە، ئەمە تەنها دروشم و رستەیەکی دوژمنکارانە نییە، بەڵکو گوزارشت لە راستییەکی تاڵی سیاسی دەکات؛ ستراتیژێکە کە هەمیشە دوژمنانی گەلەکەمانی بە بێ جیاوازی لەسەر کۆدەبێتەوە. کێشەی ئەوان تەنها جوگرافیایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ ناسنامەی کورد و سەربەخۆیی ئیرادەی ئەم گەلە هەیە. کاتێک ئامانجەکە سڕینەوەی ناسنامەیەک بێت، بۆچی دەبێت ئێمە وردتر لە جاران دوژمنەکانمان نەناسین و خەمی یەکریزیی نەتەوەیی و پەیامی نیشتمانیمان نەبێت؟
کاتێک نموونەی دۆستەکانمان کەسانی وەک (تۆم باراک) بێت و مێژوومان پڕ بێت لە پشتێکردن و خیانەتی دۆستەکانمان، کە هەمان قەوانی سوواو هەمیشە دووبارە دەبێتەوە، بۆچی دەبێت پرسیارێکی جددی لە خۆمان نەکەین و چاو بە دۆستایەتی سیاسیدا نەخشێنینەوە؟ ئێمە نەتەوەیەکین کە بە درێژایی سەدەکان نەمانتوانیوە جیاوازیی نێوان هاوپەیمانیی ستراتیژی و بەکارهێنانی کاتییدا بکەین. لە چاڵدێرانەوە تا پیلانگێڕییەکەی ئێستای سەر رۆژئاوا و پەیامەکەی چەند رۆژ پێش ئێستای (تۆم باراک)، هەمان سیناریۆ بە بەرگی جیاوازەوە دووبارە دەبێتەوە.
لە شەڕی چاڵدێراندا، کورد بووە دیوارێکی پۆڵاین بۆ دەوڵەتی عوسمانی دژی سەفەوییەکان، بەو هیوایەی دەسەڵاتی میرنشینەکانی خۆی بپارێزێت، بەڵام دەرەنجامەکەی تەنها دابەشکردنی کوردستان بوو. ئێمە نە لە (مەکر)ی عوسمانی تێگەیشتین و نە لە (ناز)ی سەفەوی؛ تەنها بووینە قوربانیی متمانەکردن بە هێزگەلێک کە کوردیان تەنها وەک مەقاشی بەرژەوەندییەکانیان بەکارهێنا.
لە پەیمانی سیڤەر (١٩٢٠): بەڵێنی دەوڵەتمان پێدرا، بەڵام لە لۆزان (١٩٢٣) کاتێک بەرژەوەندیی بەریتانیا و فەرەنسا گۆڕا، کورد کرا بە قوربانیی تورکیای کەمالی.
لە کۆماری مەهاباد (١٩٤٦): سۆڤیەت لەپێناو رێککەوتنی نەوت لەگەڵ تاران، پشتی لە پێشەوا قازی کرد و بە تەنیا لەبەردەم پەتی سێدارەدا جێیهێشتن.
لە رێککەوتننامەی جەزائیر (١٩٧٥): کاتێک سەدام (شەتولعەرەب)ی بەخشیە ئێران و رێککەوتن، هەمووان پشتیان لە کورد کرد و گەورەترین شکستیان بە شۆڕشی کورد هێنا.
کاتێک جیهان لە ترسی تیرۆر و سەربڕین و سووتاندنەکانی داعش دەلەرزا، کورد نەک هەر (دۆستی ئازیز) بەڵکو پاڵەوانی جیهانیی شەڕی دژی داعش بوو. وێنەی شەڕڤانان لە بەرگی رۆژنامە و گۆڤارە ناودارەکانی دنیا بڵاودەبوونەوە، بەڵام هەر کە هەڕەشەی داعش بەرەو نەمان چوو، هەمان ئەو هاوپەیمانانە چاویان لە ئاست کەرکوک داخست و نیوەی خاکی کوردستانمان دۆڕاند. ئێستاش بە هەمان سیناریۆ پشت لە رۆژئاوا دەکەن. ئەوەتا بە بەرچاوی دنیاوە، ئەو کۆنە داعشەی پێشتر دە ملیۆن دۆلاریان بۆ دەستگیرکردنی دانابوو، لە پرتاوێکدا لە سواربوونی پشتی ماتۆڕەوە هێنایانەوە و قات و بۆینباغێکیان لەبەرکرد و کردیانە سەرۆکی سووریا! ئێستاش بەو پەڕی دووروویی و ڕسواییەوە، هاوپەیمانیەتی (دژی داعش) لەگەڵ ئەودا دەبەستن بە ئاشکرا پشت لە کورد دەکەن. دەیانەوێت بە دوو دەوڵەت، ئیدارەیەکی خۆسەری کە بە دەیان هەزار قوربانی بۆ دراوە، لەباری ببەن.
بۆیە گرنگە شۆکێک بمانگرێت و بە روونی ئیتر لە خۆمان بپرسین: بۆچی ئێمە هێشتا تەون و داوەمووسکەی بەرژەوەندییەکانی ئەملا و ئەولا نابینین؟ بۆچی لە چەمکی دۆستایەتی سیاسی بەهەڵە دەچین؟ بۆچی لە مەتەڵی (سەفا و مەروای) هێزە ناوچەییەکان وەک پێویست نەگەیشتووین؟ هەر جارە و بە ئومێدی بەڵێنێکی زارەکی، خوێنی گەنجەکانمان دەدەین بە کوشت. بەڵام لە کۆتاییدا مێژوو پێمان دەڵێت: رووی راستەقینەی سیاسەتکردن ئەمەیە و لە بازاڕی بەرژەوەندییەکاندا ئەخلاق شوێنێکی نییە؛ ئەوەی خاوەنی ماڵی خۆی نەبێت، دەکرێتە قوربانی بۆ رێککەوتنی گەورەکان. کەواتە بۆچی روو لە میللەتی خۆمان نەکەین؟ بۆچی جیاوازییەکان وەلانەنێین و ئەم یەکجەستەییەی لە ئێستادا بۆ رۆژئاوا دروست بووە، گەشەی پێنەدەین؟
مێژوو سەلماندی کە هێزی راستەقینە لە ناوخۆماندایە، نەک لە پایتەختی وڵاتانی تر. ئەو یەکریزییەی ئەمڕۆ وەک هەوێنێک دەبینرێت، دەبێت وەک بیلبیلەی چاومان پارێزگاریی لێ بکەین. ئەمە تەنها ئەرکی سیاسییەکان نییە، ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە کە لە ئاستی هزردا بڕوای بە یەکتری هەبێت و لە ئاستی کرداردا دوور بکەوێتەوە لەو ململانێ لاوەکییانەی کە دوژمنان بۆ لاوازکردنی ئێمە دایدەڕێژن.
تەنها کوردبوون و هێز و ئیرادەی خۆمان کلیلی ئازادی و پاراستنی شکۆمانە. چونکە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی کورد و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، لە ناو دڵ و دەستی خۆماندایە نەک شوێنێکی تر.
333 جار خوێندراوەتەوە