رێککەوتنامەکەی دیمەشق و داخی دوژمنان لە کۆبانێ

لەگەڵ ئەوەی رێککەوتنێکی تر لە نێوان هەسەدە و دیمەشق کراوە بۆ راگرتنی هێرشەکان، مانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە شوێنی خۆیان، تەنها بەشێک لە کارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ رێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو بۆ دەروازە سنورییەکان و دامەزراوە گشتییەکان و فڕۆکەخانە، لەبارەی کەرتی وزەوەش، هەردولا رێکەوتون کە 70%ی نەوتی پارێزگای حەسەکە بۆ پارێزگاکە بمێنێتەوە، ئەم رێککەوتنە وەک قۆناغێکی کاتی بۆ دۆخی رۆژئاوا بەتایبەت ئێستای کۆبانێ گونجاوە، چونکە دواجار ئەم رێککەوتنامەیە کاتییە و چارەسەری دۆخەکە ناکات، پێدەچێت زۆرتریش لەبەر رەوشی کۆبانێ واژۆ کرابێت؛ چونکە دۆخی ئێستای کۆبانێ هێشتا لە مەترسیدایە. لە لایەک سوپای تورکیا بە درێژایی زیاتر لە ١٠٠ کم سنووری لەگەڵ هەرێمی کۆبانێ داخستووە و سوپا و بەکرێگیراوەکانی تێیدا بڵاوبوونەوە، لە لایەکەی تر ئەو خێڵە عەرەبییانەی ناوچەکانیان رادەست کرد، لەگەڵ سوپایەکی زۆر لە چەکدارانی سوریا و کۆنە داعشەکان، گەمارۆی بەشەکەی تریان داوە.


بۆ ئەوەی دیمەنەکەش باشتر روون بێت، لە رووی ستراتیژی و جوگرافییەوە، هەرێمی کۆبانێ پێگەیەکی هەستیاری هەیە؛ بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ باکووری کوردستان، لە رۆژهەڵاتەوە دەگاتەوە ناوچەی گرێ سپی کە تورکیا داگیری کردووە، لە باشووریشەوە دەچێتەوە سەر دەشتاییەکانی رەققە. لای رۆژئاوای شارەکەش بە رووباری فوڕات کۆتایی دێت کە لەو دیو رووبارەکەشەوە شاری جەرابلوس و مەنبج هەڵکەوتوون، کە ئێستا گروپە چەکدارەکانی سوریای لێیە؛ بەمەش کۆبانێ ماوەیەکی زۆرە بە تەواوەتی گەمارۆ دراوە و هیچ رێگەیەکی گەیشتن بە شارەکەیان نەهێشتووە.


بە لایەکی تر لە ئێستادا کۆبانێ نزیکەی ١٨٠ کیلۆمەتر لە حەسەکە و جەستەی سەرەکیی کانتۆنی جەزیرە دوورە. بەمەش گەیشتنی هێزی زیاتری شەرڤانان، تەنانەت هاوکارییەکانیش بۆ ئەوێ زۆر زەحمەت بووە. بەردەوامیش هێرشی چڕی دەکرێتە سەر و شەرڤانانیش بە توندی وەڵام دەدەنەوە؛ راستە تا ئێستا سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە و نەیانهێشتووە بە هیچ بەرەیەک بێنە پێش، بەڵام لە شێوە گشتییەکەدا کۆبانێ لە ئێستادا لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە، چونکە بەدەست کەمیی ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنێت.


رێژەی دانیشتوانی کانتۆنی کۆبانێ نزیکەی ٤٥٠ هەزار کەسە، جگە لە هەزاران خێزانی تر کە روویان لە شارەکە کردووە، بەمەش بەردەوامیی دۆخەکە و بێدەنگیی نێودەوڵەتی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. دەبێت ددان بەوەدا بنێن کە ئێستای کۆبانێ لە زۆر رووەوە لە هێرشەکەی ساڵی ٢٠١٤ی داعش مەترسیدارترە؛ چونکە لەو کاتەدا، سەرباری داگیرکردنی بەشێکی هەرەزۆری شارەکە و هاتنی داعش بۆ ناو جەرگەی کۆبانێ، هێزە شەرڤانەکان لە ناوچەیەکی زۆر بچووکدا مابوونەوە و خرابوونە ناو گەمارۆیەکی چڕەوە، بەڵام بە توندی بەرگرییان دەکرد.


لەو کاتەدا هاوپەیمانان لە رێگەی فڕۆکەوە چەک، خۆراک و پێداویستیی تریان لە ئاسمانەوە بۆ شەرڤانان بەردەدایەوە. هەروا دواتر بە فشاری هاوپەیمانان، تورکیا رازی کرا، کە هێزێکی پێشمەرگە لە رێگەی خاکی باکووری کوردستانەوە بچێتە کۆبانێ. بەمەش هاوکێشەی شەڕەکە گۆڕدرا و کۆبانێ لە سەنگەری بەرگرییەوە، بوو بە سەرەتایەک بۆ لەناوبردنی خەلافەتی داعش. بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەو پیلانگێڕییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەی بەرامبەر کورد کرا، دۆخەکە زۆر دژوارتر بووە کە پێویستی بە تێگەیشتنی زیاتر هەیە.


بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە بۆ ئێمە ئەوەیە؛ بۆچی دوژمنان داخیان لە کۆبانێیە؟ وەڵامەکە روونە؛ چونکە کۆبانێ تەنها شارێکی کوردی نییە بیانەوێت داگیری بکەن، بەڵکو ئەم شارە بووەتە مەڵبەندی بەرگری و سیمبولی تێکشکاندنی تیرۆر. داخیان لەوەیە کە کۆبانێ غروری داعش و خەونی داگیرکەرانی تێدا نێژرا. ئەو شارەی خەلافەتی (دولة الاسلامي في شام و العراق)ی وێران کرد و بەمەش لە دوای کۆبانێ وەک ریزی پولی دۆمێنە داڕما و لە رەققە کۆتایی هات.


ئەم شارە بۆ ئێمە بووەتە (ستالینگراد)ی کوردان، بەمەش ناسنامەیەکی نوێی نەتەوەیی بە گەلی کورد بەخشیوە کە لە بەرامبەر هیچ داگیرکەرێکدا چۆک دانادات، تەسلیمبوون نازانێت و هەمیشە بە بەرگری و بەرخودان هەر دەبێت سەربکەوێت. داخیان لێیە چونکە ئەم شارە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا سنوورە دەستکردەکانی تێکشکاند و خوێنی گەشی شەرڤان و پێشمەرگەی لە یەک سەنگەردا ئاوێتە کرد.


کاتێک سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی دەکەیت، یەکپارچەیی خاکی کوردستان لەو شوێنە پیرۆزەدا دەبینیت؛ ئێستا ئەوێ بووەتە مۆنۆمێنتی شکۆی گەلێک کە گلکۆی شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستانی لە باوەش گرتووە. ئەوان بە ئاشکرا هاوار دەکەن و دەڵێن: کاتێک کورد دەبێتە یەک دەست، هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی تێکبشکێنێت. چونکە کۆبانێ ئەو شارە بوو، کە تێیدا ژنە شەرڤانەکانمان بوونە پاڵەوانی میدیاکانی جیهان و بە شانازییەوە وێنەی قارەمانێتییان لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاودەکرایەوە، تا نیشانی بدەن کە رۆحی ئازادی لە چەک بەهێزترە.


لێی بەداخن چونکە کۆبانێ مۆدێلێکی نوێی لە خۆبەڕێوەبەری نیشان دا؛ دوای ئەو هەموو وێرانکارییەی داعش لە شارەکە ئەنجامی دا، کەچی بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر ئاوەدانکرایەوە. هەر لە زانکۆی کۆبانێوە تا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، هەموویان سەلماندیان کە رۆژئاوا نەک تەنها لە شەڕدا، بەڵکو لە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی شارستانییەتدا پێشەنگە. دوژمنانی ئێمە باش دەزانن کە کۆبانێ پیلانێکی نیو سەدەیی (تەعریب)ی پوچەڵ کردەوە. دوای دەیان ساڵ لە هەوڵی سڕینەوەی ناوی رەسەنی و ناونانی بە (عین العرب)، بە خوێن و قوربانی بووەوە بە (کۆبانێ) و وەک قەڵایەکی داگیرنەکراو لە مێژوودا خۆی چەسپاند. چونکە سەرکەوتنی کۆبانێ، تەنها سەرکەوتنی شارێک نەبوو، بەڵکو شکستی ستراتیژیی ئەو هێزانە بوو کە دەیانویست کورد لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا بسڕنەوە. داخی ئەوان لەوەیە کە کۆبانێ بووەتە ئاوێنەی شکستەکانیان. هەرچەندە هەوڵی تێکدانی بدەن، ناتوانن ئەو راستییە بگۆڕن کە کۆبانێ رەمزی هەستانەوەی نەتەوەیەکە کە بڕیاری داوە هەرگیز نەبێتە کۆیلە و بە سەربەرزی بژی.


بۆیە لە ئێستادا پاراستنی ئەم شارە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییە گەورەیە و گەمارۆییە چڕەدا، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی و مێژووییە. بژاردەی بەهێزیش لەناو ئەو گەمارۆ توندەدا، جگە لە بەرگری، تەنها رێگای دیپلۆماسی و فشاری خستنە سەر رای نێودەوڵەتییە؛ بەتایبەت لەم یەک دوو هەفتەی ئایندەدا کە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری گەورە رووبدات. لە ئێستادا گرنگە سەرنجی سەرەکی لەسەر کۆبانێ بێت. بە تایبەت بۆ شکانی گەمارۆو گەیاندنی هاوکاری چونکە تە ئێستا تەنها چەند کۆنتێنەرێکی کەم لە رێگای نەتەوە یەکگرتووەکان گەیەنراوەتە شارەکە، بەڵام پێویستی بە زۆر زیاتر هەیە. با ئامانجی هەموو لایەک پاراستنی کۆبانێ بێت. چی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی کۆبانێ وەک هەمیشە بە سەربەرزی بمێنێتەوە.

372 جار خوێندراوەتەوە