ئیتر کاتی ددانپێدانانە: بۆچی ئەم نەوەیە؟

ئیتر کاتی ددانپێدانانە: بۆچی ئەم نەوەیە؟
خالید قادر
چونکە ئەم نەوەیە، تەنها نەوەیە کە دەکرێت نیشتمانی پێ بسپێردرێت بەبێ ئەوەی لێی بترسین جارێکی تر نیشتمان رادەستی دوژمن بکرێتەوە و لە سەنگەرەکانی رووبەڕووبوونەوەدا تەسلیم بێت، یان لە بازاڕی زلهێزەکاندا مامەڵەی پێوە بکرێت و بکەوێتە تەڵەی دۆستایەتیی سیاسییەوە. ئەم نەوەیە خاوەنی عەقڵییەتێکی نیشتمانیی پاکە؛ کوردبوونی لە قاڵبی تەسکی حیزبی دەرهێناوە و کردوویەتی بە ناسنامەیەکی مرۆیی و ئەخلاقیی بەرز، خەمی یەکێتیی نەتەوەیی و یەکگوتاری نیشتمانی لەناو جەرگەی دڵیدا لێ دەدات. ئەوان لە دوای خۆپێشاندانەکان و پشتگیرییە بێوێنەکانیان بۆ بەرخودانی رۆژئاوا، مانا و پێناسەیەکی نوێیان بە (کوردبوون) بەخشیووەتەوە کە زۆر قووڵتر و رەسەنترە لەو دروشمانەی نەوەی پێشوو دەیانگوت.
چونکە ئەم نەوەیە بڕوای بە یەکجەستەیی گەلەکەی و یەکپارچەیی خاکەکەی هەیە، بەبێ ئەوەی دەستی بە خوێنی شەڕی براکوژی سوور بووبێت. لە کاتێکدا مێژووی نەوەی پێشوو، سەرباری هەموو دڵسۆزی و خەبات و تێکۆشان و قوربانییەکانیان، بەداخەوە پڕە لە پشتقوڵگرتن لە هاوسەنگەر و خیانەتکردن لە هاوخەبات؛ مێژوویەک کە لە دوای هەر داستانێکی پڕ لە شانازی، پەڵەیەکی شوورەیی شەڕی ناوخۆی تێدا هەڵکەنراوە و پشتی یەکدی تێدا شکێندراوە، کەچی ئەم نەوەیە بێ هیچ بەرژەوەندییەک دڵیان بۆ نیشتمان دەکوڵێت. سنوورە دەستکردەکان دەشکێنێت، کوردستان وەک یەک جەستەی بێبەش لە (زۆن) دەبینێت. لای ئەوان نیشتمان یەک یەکەیە، نەک وەک سنووری دێگەڵە و بازگەی هیران؛ چ شەرمێکی گەورەیە لەبەردەم نەوەیەکدا کە هاوار دەکات (یەکە یەکە کوردستان یەکە)، تۆ هێشتا بە عەقڵییەتی ژەنگاویی (زۆنی سەوز و زەرد)ەوە دانیشتبێتی و نەخشەی دابەشکاری بکێشیت.
ئەم نەوەیە جیاوازە، نەوەی پێشوو هێندەی گریدراوی شەڕەپەڕۆ و عەقڵییەتێکی داخراوی حیزبی بوو، هێندە خەمی نیشتمانی نەکردە ئامانج، بەدوای دروشمە بریقەدارەکانی ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە بوون، نەک گوتارێکی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی. ئەی ئەوە نییە دوای بەخشینی رووبارێک لە خوێن و چەندان کارەساتی وەک ئەنفال و هەڵەبجە، هێندەی ئەم چەند رۆژەی کە لە خۆپێشاندانەکانی پشتگیریی رۆژئاوای کوردستان بینیمان، روحی ئەو میللەتە پێ یەک نەخرا؟ بۆیە ئەو نەوەیە جیاوازە چونکە بەسوێتر لە رابردوو، هەستی ئازاری هاوبەش و خەمی نەتەوەیی، وای لێ کرد لە چەند رۆژێکدا سنوورە دەستکردەکان لە روحی کوردبووندا تێکبشکێنێت، کارێکی وەها بکات کە هەزاران دروشمی ئایدۆلۆژی و ململانێی حیزبی نەیانتوانیبوو لە نیو سەدەدا ئەنجامی بدەن.
ئاخر ئێمە چیمان نەکرد بەم خاکە؟ لەسەر (کەپکی حەمە ئاغا و کڵاو قاسم) خوێنی باشترین رۆڵەکانی ئەم وڵاتەمان رشت، پەلی دەستی کام دوژمنمان نەگرت بۆ سەر یەکتری؟ چی مابوو بەم نیشتمانەی نەکەین، کردمان. ئەم نەوەیە نە دەستی بە خوێنی برا سوورە، نە شۆفڵەکانی بەنداوی بێخمە و تانکەرە نەوتەکانی ئێستای ئاودیو کردووە، نە جاش و ئەنفالچی کردووە بە لیوا، نە خەریکی قاچاخیی دەرمان و جگەرەیە.

سەرباری ئەوەش، چی ما بەو نەوە تازەیە نەکرێت؟ پشتگوێخستنی تواناکانیان، نادیدەگرتنی بەهرە و خەونەکانیان، بە (نەوەی ئایپاد و مۆبایل) ناوزەند دەکران، بە بێکاری و نادادی جێهێشتران، پۆل پۆل وڵاتیان بەجێ هێشت و لە رێگای هەندەراندا هەزارانیان لێ خنکان. کەچی وا ئێستا هەر ئەوان پێمان دەڵێن: بەرگری لە نیشتمان ئەخلاقی راستەقینەیە، نەک تەسلیمبوون و بوونە مەقاشی دەستی ئەجێندای ئەم و ئەو.
 ئەم نەوەیە بە خۆبەخشی چەکی کردە شان و چووە سەنگەرەکانی شەڕەفی رۆژئاواوە؛ هەر لە کۆبانێوە تا قامیشلۆ بەگژ تاریکترین بەکرێگیراوەکانی دوو دەوڵەتدا وەستایەوە. سەیری هەژموونی روحی شەهیدێکی وەک (ئەحمەد هێمن) بکەن؛ چۆن دوای شەهیدبوونی، تەرمەکەی جەستەی ئەم وڵاتەی لە دەوری یەک کۆکردەوە، ئەمە ئەو شانازییە نەتەوەییەیە، کە ئەم نەوەیە بە وڵاتەکەی دەبەخشێت.
هەموومان بینیمان، ئەم گەنجانە بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی پارچە زەوی و پلەی بەتاڵ بن، بەبێ مووچە و دامەزراندن، دواین دیناری ناو گیرفانەکانیان بە کەمپینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان دەبەخشن و بەوپەڕی سەربڵندییەوە و بە دەنگێکی بەرز گۆرانی (کینە ئەم)ی (شڤان پەروەر) دەڵێنەوە. ئەمانە ئەو گەنجانەن کە لەناو یاریگاکانی جیهاندا، لە بەرامبەر تیپی گەلاتەسەرای تورکیدا، بە جلی کوردییەوە دێنە ناو یاریگاکان و ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە. ئەمە ئەو نەوەیەیە شەقامەکانی کوردستان و ئەوروپای هەژاندووە تا بە جیهان بڵێت: ئێمە نەتەوەیەکی زیندووین، ئێمە کوردین و کوردستان نیشتمانمانە.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە راشکاوانە دان بە راستییەکدا بنێین: ئەم نەوەیە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە جەستەی شەقاربووی نەتەوەکەماندا. بۆیە شەرمە بۆ مێژوو ئەگەر دەست بە ئامانجە پیرۆزەکانیانەوە نەگرین، چونکە ئێمە لەبەردەم ئەو هەژموونە روحییەی ئەواندا بەرپرسیارین. دەبێت شانازییان پێوە بکەین، دەست بە پەیامەکەیانەوە بگرین. دەرکەوت ئەم نەوەیە دەبێت چاوەڕوانی زیاترمان لێی هەبێت، بەتایبەت بۆ سارێژی برینەکانی دوێنێ، چونکە لە سادەترین دەربڕیندا دەرکەوت: ئەوان خۆیان بریندارن، بەڵام بکوژ نین.
هەرچەندە گومانم هەیە عەقڵییەتی سیاسیی کورد، بەتایبەت لە باشوور، هێندە بەوەفا بێت پەیامی ئەم نەوەیە بخوێنێتەوە. چونکە هەر لەو کاتەی (عوسمان بایدەمیر) گوتی: وەڵا وە بیلا باشووری کوردستان هەناسەو نەفەسی کوردانن، ئێوە هێشتا لەناو کێشەی وەزیر و گزیردا چەقیون! لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکناکەون، پەرلەمانتان پەکخستووە و حکومەتتان ئیفلیج کردووە، هێزی پێشمەرگەتان کردووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزبی و بەشێکی زۆری داهاتی وڵاتیش دەچێتە گیرفانی ئەم و ئەو.
ئیتر بە چ روویەکەوە وەڵامی ئەم نەوەیە دەدەنەوە؟ نەوەیەک کە خەونی نیشتمانێکی سەربەرز و شکۆداری هەیە؛ نیشتمانێک کە تێیدا کوردبوون شکۆ بێت نەک پاشکۆ.
لە لایەکی ترەوە، هەموو کوردێک لەمەودوا لە بەرامبەر پەیامی ئەو نەوەیەدا بەرپرسیارە. دەبێت دوای رۆژئاوا لە خۆمان بپرسین: چۆن دەتوانین ئیتر لە بەرامبەر خنکاندنی (ئامەد)دا بێدەنگ بین؟ چۆن دەبێت دوای لە سێدارەدانی رۆژهەڵات، خەو بچێتە چاومانەوە؟ بە چ روویەکەوە باسی مادەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک بکەین، ئەگەر ئەم روحییەتە نەتەوەییە یەکگرتووەی گەنجان نەکەینە هەوێنی سیاسەت؟
با دەست بەو یەکێتییە نەتەوەییەوە بگرین و ئامانجی گەنجانمان بکەینە نەخشەرێگای ئایندە. لە سەرووی هەمووشیانەوە، گەنجان خۆیان پێویستە پارێزەری ئەو روحییەتە بەرزەی خۆیان بن؛ یەکێتیی نەتەوەیی لای ئێوە لە شەقام و سەنگەرەکاندا دەستی پێکردووە، با لە عەقڵ و بەڕێوەبردنی ئەم خاکەشدا ببێتە ئەمری واقیع.

178 جار خوێندراوەتەوە