زریانێک لە میونشن: رۆژئاوا لە بەرگرییەوە بۆ دیبلۆماسیی جیهانی

زریانێک لە میونشن: رۆژئاوا لە بەرگرییەوە بۆ دیبلۆماسیی جیهانی
خالید قادر
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ٢٠٢٦ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە پێگەی سیاسیی رۆژئاوای کوردستاندا، چونکە ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی سیاسیی ئەو بەشەی وڵاتدا، پرسەکە بێتە ناو ئاستێکی دیبلۆماسیی هێندە فراوان و کاریگەرەوە.
بەشداریی جەنەراڵ (مەزڵووم عەبدی) و (ئیلهام ئەحمەد) لەم کۆڕبەندەدا و زنجیرە دیدارەکانیان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی باڵای جیهان، ئاماژەیەکی روونە، کەپرسی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی هێزێکی سەربازیی ناو هاوپەیمانیی دژی داعش دەرچووە و چووەتە ناو قۆناغی کارەکتەرێکی سیاسیی گرنگ و دانپێدانراو. یەکێک لە رەهەندە هەرە گرنگەکانی ئەم وەرچەرخانەش، ئەو فشارە نێودەوڵەتییە بوو، کە وایکرد حکومەتەکەی دیمەشق ناچار بێت تەنها لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا، پاسپۆرت و رەگەزنامە بۆ ئەو سەرکردانە دەربکات. ئەمە تەنها کارێکی ئیداری نەبوو، بەڵکو شکاندنی ئەو گەمارۆ نەتەوەییە بوو، کە دەیان ساڵە کورد لە سووریا وەک بێ ناسنامە و (ئەجانب) دەبینێت. ئەم هەنگاوە گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بوو دیمەشقی ناچار کرد، پێش کۆنفرانسەکەی میونشن، دان بە بوونی سیاسیی ئەو سەرکردانە و کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان بنێت.
باوەشە گەرمەکەی (لیندزی گراهام) و پێشوازیی تایبەتی (ئیمانوێل ماکرۆن) لە جەنەراڵ مەزڵووم پەیامێکی سیاسیی دیارن؛ رۆژئاوا بەرەو ئاراستەیەکی دیبلۆماسی هەنگاو دەنێت. ئەم دەستکەوتە لە کاتێکدا بوو هێشتا برینی پشتتێکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە جەستەی رۆژئاوادا سارێژ نەبووە. کورد جارێکی تر دەستی بەو دۆستایەتییە سووتا، کاتێک لە بەرامبەر بێدەنگیی نێودەوڵەتییدا رێگە بۆ پیلانگێڕییەکی فراوان خۆش کرا، تا گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا، هێرشێکی دڕندانە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکەن و بیانەوێت داگیری بکەنەوە. بەڵام ئەوەی وایکرد رۆژئاوا لەم گەردەلوولە رزگاری بێت، (نا)یەکەی جەنەراڵ، بەرخودانی شەڕڤانانی ئازادی و ئەو یەکێتییە نەتەوەییە بێوێنەیە بوو لە ئاستی باڵای سیاسی و شەقامی کوردیدا دروست بوو. بەتایبەت ئەو پشتیوانییە بێدرێغەی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو پەیامێکی روونی بە جیهان گەیاند: کورد لە هیچ بەشێکی نیشتمانەکەیدا بە تەنیا نییە و لە پاراستنی دەستکەوتەکانیدا یەکدەنگە.
خاڵێکی تری سەرنجڕاکێشی ئەم بەشدارییە، شکستی دیبلۆماسیی تورکیا بوو؛ ئەنقەرە بە هەموو قورسایی خۆیەوە هەوڵی دا رێگری لە بانگهێشتکردنی کورد بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ویستی بازنەی دیدارەکانیان بەرتەسک بکاتەوە، کەچی پێچەوانە بووەوە و شاندی کوردی بوونە چەقی بایەخی کۆنفرانسەکە. کاتێکیش نوێنەری تورکیا وەک گوشارێک هۆڵەکەی جێهێشت، نەک کەس گوێی پێ نەدا، بەڵکو رێکخەران وەک هەڵوێستێکی پەراوێزخراو و بێبایەخ تەماشایان کرد.
لەم نێوەندەدا، سووربوونی جەنەراڵ (مەزڵووم عەبدی) لەسەر ئەوەی بەبێ ئامادەبوونی (ئیلهام ئەحمەد) بەشداریی کۆنفرانسەکە ناکات، نیشاندەری فەلسەفەی رۆژئاوایە؛ تێیدا ژن تەنها وەک شەڕڤانێک لە مەیدانی جەنگدا نییە، بەڵکو بڕیاردەرێکی سیاسی و دیبلۆماسییە. ئیلهام ئەحمەد، کە لە بەرخودانی حەلەبدا شەش ئەندامی خێزانەکەی لە یەک کاتدا بوونە قوربانی، بەڵام لە بەرخودان رژدتر بوو، لە (میونشن)یش سەلماندی کەزیی شەڕڤانەکانمان تەنها دروشم نییە، بەڵکو واقیعێکی سیاسییە هاوشانی پیاوان نەخشەی داهاتوو وڵاتەکەی دەکێشێت.
ئەمەش لە کاتێکدا بوو کۆنفرانسەکەی میونشن لە دوای ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانە هات لە ناوەندە گرنگەکانی جیهاندا رەنگی دایەوە. لە ١٢ی شوباتی رابردوو پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی (٣٦٣) دەنگ بڕیارنامەیەکی مێژوویی بۆ پاراستنی رۆژئاوا پەسند کرد. هاوکات لە ئەمریکاش پڕۆژەیاسای (رزگاریی کورد) لە لایەن (لیندزی گراهام)ـەوە پێشکەش بە کۆنگرێس کرا. ئەم دوو هەنگاوە چەترێکی گرنگ بۆ پاراستنی مافەکانی گەلەکەمان لە رۆژاوا دروست دەکەن.
لە کۆتاییدا، جەنەراڵ (مەزڵووم عەبدی) بە زمانێکی سیاسیی ورد وەڵامی پەیامێکی (شەیبانی) لەسەر داواکاریی شاندی رۆژئاوا دایەوە؛ جەختی لەسەر چەسپاندنی سیستەمی (خۆبەڕێوەبەری) و پاراستنی ناوچەکان لە ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دا کردەوە. بە کورتی، میونشن ٢٠٢٦ و بڕیارنامەکانی ئەورووپا و کۆنگرێس سەلماندیان رۆژئاوا توانیویەتی وێنەی خۆی وەک هەرێمێکی گرنگ و سەقامگیر نیشانی جیهان بدات، ئەم قۆناغەش وەرچەرخانێکی سیاسیی گرنگە بۆ ئایندەی رۆژئاوا، بەڵام هێشتا ئەوە هەموو شتێک نییە و گرەنتیی کۆتایی نین، چونکە لەلایەن تورکیا و سوریاوە پیلانگێرییەکان بەردەوامن، هێشتا گومان لەسەر جێبەجێبوونی  تەواوی رێککەوتننامەکە هەیە، بۆیە گرنگە کارتە بەهێزەکەی کورد کە (یەکڕیزییە) بە توندی دەستی پێوە بگیرێت.

115 جار خوێندراوەتەوە