بەگوێرەی ئاژانسی بەناوبانگی ئەسۆشیەیتد پرێس، ئیسرائیل پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکەی حەماس بووە و بەئانقەست رێگری لە هێرشەکە نەکردووە.
ئەسۆشییەتد پرێس ئاماژە بە دوو بەڵگەی گرنگ دەدات، بۆ ئەو گومانەی.
بەڵگەی یەکەم،
هەواڵگری میسری رایگەیانندووە کە چەند رۆژێک پێشتر ئیسرائیڵی ئاگادار کردۆتەوە کە حەماس هێرشێکی لەو جۆرە ئەنجام دەدات، بەڵام ئیسرائیل بەئانقەست گوێی بە ئاگادارییەکەی ئەوان نەداوە.
بەڵگەی دووەم،
وەک ئەسۆشیەیتد پرێس دەڵێت، ئەو سنوورانەی کە حەماس لێیەوە دزەییان کردووە و هێرشەکەیان تێدا ئەنجام داوە، بە سەدان کامیرە و دڕۆن چاودێری دەکرێت، بەجۆرێک کە جوڵەی چۆلەکەکانیش تۆمار دەکات، چ جای جمووجۆڵی سەدان چەکداری حەماس. بەڵام، پێدەچێت ئیسڕائیلییەکان ئەو ڕۆژە چاویان لەئاست هاتنی سەدان چەکداری حەماس نووقاندووە.
دەکرێت دوو بەڵگە یان گومانی تر ئیزافەی گومانەکانی ئەسۆشییەتد پرێس بکەین، بۆ ئەوەی وێنەکە رۆشنتر بێتە بەرچاو.
یەکەم،
هێرشەکانی حەماس کاتژمێر شەش و نیوی بەیانی دەستی پێکردووە، سەرەڕای هاواری ئەو خەڵکانەی بوونەتە ئامانجی پەلامارەکە و سەرەڕای پەیوەندییان بەهێزە ئەمنییەکانەوە دەربارەی هێرشەکە، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسڕائیل تا دوای کاتژمێر حەوت و نیو خۆیان لە هێرشبەران نەگەیاندووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسڕائیل لە پێنج خولەکی یەکەمدا دەیتوانی بەرپەرچی حەماس بداتەوە و ژیانی سەدان کەس بپارێزێت. بەڵام لە کاتژمێری یەکەمدا رێگەیان بە چەکدارەکانی حەماس داوە تا بە ئارەزووی خۆیان بگرن و ببڕن و بکوژن.
دووەم،
لە هەمان کات و ساتی هێرشەکەدا، لەیەکێک لەو شارۆچکانەی سەر سنووری غەزە بۆنەیەکی نیمچە نێودەوڵەتی هەبووە، کە تێیدا هونەرمەند و هاوڵاتییانی بیانی بەشداربوون. لە حاڵەتی ئاوادا، نەک هەر ئیسڕائیل کە لە دۆخی شەڕدایە، هەر وڵاتێکی تر بێت، کۆمەڵێک جێ و ڕێی ئەمنی دەگرێتە بەر. بەڵام ئیسڕائیل، سەرەڕای ئاگاداربوونی پێشوەختەی، بەشداربووانی ئاهەنگەکەی گورگانخوراو کرد و دیمەنی لاقەکردن و رووتکردنەوە گێڕان وتفبارانکردنی ژنە ئەڵمانییەکە وەک یەکێک لە دیمەنە هەرە قێزەونە لە یادنەکراوەکانی ئەم سەدەیە دەمێنێتەوە.
نامەوێت خەیاڵی ئەوانەی حەماسەتی جیهادی حەماس و هەوای کوشتاری دینی لە کەللەی داون بەبا بدەم، بەڵام ئەم چوار لەتە وێنەیەی سەرەوە بخەنە پاڵ یەک و ئاراستەی هێرش و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی بخەنە پێشچاوی خۆتان تا وێنا گەورەکە ٮبینن و خۆتان حوکم بدەن.
155 جار خوێندراوەتەوە