لەسەرەتای مانگی ١٢ی ٢٠٢٢دا دیناری عێڕاقی
بە بڕی ١٠٠ تا ٢٠٠ دینار لە بەرامبەر دۆلاردا بەهای خۆی لەدەست دا و بەوهۆیەشەوە قەیرانێکی
دی ئیزافەی سیستەمە حوکمڕانییە قەیراناوییەکەی عێڕاق بوو وە سەرجەم هێزە شیعییەکان
بە حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنەوە هێنایە سەر خەت. لەلایەکەوە، رایەدارە شیعەکانی عێڕاق پەیمانییان
دا هەموو رێکار و هەنگاوێک بگرنە بەربۆ رێگرتن لە دابەزینی بەهای دینار و لەلایەکی
تریشەوە هێزە شیعییە ئۆپۆزسیۆنەکان کەوتنە جوڵاندنی شەقام. زۆرێک لە چاودێران پێیان
وایە لەئەگەری بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی دیناردا و لە ئەگەری فەشەلهێنانی حکومەتەکەی
سۆدانی لە دۆزینەوەی رێگاچارەیەکی خێرا، رەنگە گورزێکی بەهێز بەر حکومەتەکەی سودانی بکەوێت و عێڕاق بگەڕێتەوە
چوارگۆشەی یەکەمی ناسەقامگیری و توندوتیژییەکان.
لەراستیدا ئەم کاریگەرییە قوڵ و هەمەلایەنەی
کە دابەزینێکی سنورداری دراوی عێراقی لەسەر ئابووری و کۆی سیستەمی سیاسی عێڕاقی حاڵەتێکی
سرووشتی و تەندرووست نییە. ئەگەر رەوتی پاشەکشەی دراوی عێڕاقی بەراورد بکرێت لەگەڵ
هی لیرەی تورکی و سوری و تومەنی ئێرانی ئەوا
بەئاشکرا دەبینین کە دراوی عێڕاقی بەشێوەیەکی گشتی کێشەی نەبووە، بەڵکو لە دراوی هەر
سێ وڵاتەکە سەقامگیرترە. ئەم راستییە بە ئاشکرا لە بەراوردکردنی کێرڤی دابەزینی بەهای
دراوی هەر چوار وڵاتەکەدا دەردەکەوێت.
با لەدراوی عێڕاقییەوە دەست پێ بکەین. لە
ساڵی ٢٠١٣دا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١١٤٥ دینار بوو، دوای دە ساڵ و لە
ژانیوەری ٢٠٢٣دا دۆلارێک لەدەوروبەری ١٥٠٠ دیناردا هەڵبەز و دابەز دەکات. بەمشێوەیە،
دیناری عێڕاقی لە ماوەی دە ساڵدا بەرێژەی ٣١٪ دابەزیوە. سەرگوزشتەی لیرەی سوری بە
بەراورد بە دیناری عێڕاقی سەرگوزشتەیەکی سەرتاپا تراژیدیانەیە و لە دە ساڵی
رابردوودا، لیرەی سوری بەتەواوی هەرەسی هێناوە. لە نیسانی ٢٠١٣دا نرخی یەک دۆلار بەرامبەر
١٤١ لیرەی سوری بوو بەڵام لەسەرەتای ٢٠٢٣دا هەمان دۆلار بەرامبەر ٦٢٠٠ لیرەیە. بەواتایەکی تر لەماوەی یەک دەیەدا، لیرەی سوری
بە رێژی ٤٢٩٧٪ لە بەهاکەی هاتۆتە خوارەوە. واتە لیرەی سوری ١٣٨ هێندەی دیناری عێراقی
بەهای خۆی لەدەست داوە.
چیرۆکی لیرەی تورکیش لەچاوی دیناری عێڕاقی
تراژیدیئامێزە. لە ٢٠١٣دا، دۆلارێک بەرامبەر
١.٧٨ لیرە بوو، بەڵام لە سەرەتای ٢٠٢٣دا یەک دۆلار ١٨.٨ لیرەیە. لیرەی تورکی بەرێژەی
٪٩٥٦ دابەزیوە. واتە لە دە ساڵی رابردوودا
لیرەی تورکی ٣٠ هێندەی دیناری عێڕاقی بەهاکەی لەدەست داوە. تومەنی ئێرانی چیرۆکێکی
هاوشێوەی هەیە. لە نیسانی ٢٠١٣دا یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٠،٢٠٠ تومەن بوو، لە
ئێستادا یەک دۆلار ئەمریکی بە ٤٢ هەزار تومەنە و بەم شێوەیە لە ماوەی دە ساڵدا تومەن
بە رێژەی ٣١٠٪ دابەزیوە.
ئەگەر داتاکانی سەرەوە بکەینە پێوانە، دەکرێت بڵێین کە بەبەراورد لەگەڵ
دراوی تورکیا و ئێران و سوریا، دیناری عێڕاقی دراوێکی بەهێز و سەقامگیرە. بەڵام
پرسیارە جدییەکە ئەوەیە، بۆ چی دابەزینی چەند سەد دینارێک لە بەهای دیناری عێڕاقی
دەبێتە مۆتەکەیەک و خەوی نوخبەی حوکمڕان و موعارەزەی شیعی دەزڕێنێت؟ بۆچی چاودێران
دەڵێن ئەگەر عێڕاق فریا نەکەوێت و نرخی دراوەکەی جێگیر نەکات ئەوا کارەساتێکی مرۆیی
لە عێڕاق دێتە ئاراوە و هەژاری و بێکاری لەگەڵ ناسەقامگیری سیاسی پەرە دەستێنن؟ بۆچی
سەرەک وەزیرەکانی عێڕاق، هەر لە عەبادییەوە تا سودانی، جێگیرکردنی بەهای دینار دەکەنە
ئەولەویییەتی کارنامەکانییان؟ ئەم دۆخە دەروونییەی دراوی عێڕاقی لەکوێوە سەرچاوەی
گرتووە؟
وەڵام و فاکتەرەکان هەمەلایەنەن، بەڵام دەکرێت لەوێوە دەست پێبکەین، کە جێگیری
دراوی عێڕاقی جێگیرییەکی فەیکە نەک راستی. ئەم جێگیرییە هێندەی رەنگدانەوەی ئیرادەی
سیاسی ئەمریکییەکانە، هێندە رەنگدانەوەی دۆخی ئابووری و سیاسی عێڕاقی نەبووە. سێ
فاکتەر وادەکەن کە دراوی وڵاتێک جێگیر بێت کە هیچیان لەعێڕاقدا نییە ئەوانێش: جێگری
رێژەی هەڵاوسان، رێژەی سوو لەوڵاتەکەدا لەگەڵ سەقامگیریدا. وەک هەر کۆمەڵگایەکی بەرخۆر،
عێڕاق بەزەبری داهاتی نەوت، کاری لەسەر جێگیری رێژەیی هەڵاوسان کردووە. کاریگەرییەکانی
سوو بۆ دراوی عێڕاقی نزیکە لە سفر. هەر وەک چاودێرەکان دەڵێن، بیانییەکان نەوتی عێڕاقییان
دەوێت نەک دینارەکەی تا لەبەرامبەر دانی سوو ئەم دراوە وەرگرن و مامەڵەی پێ بکەن.
فاکتەری سێێەم، واتە دۆخی سەقامگیری لە عێڕاقدا رێک دژی بەرژەوەندی دراوی عێڕاقییە.
زۆربەی ئیندێکسە جیهانییەکانی تایبەت بە سەقامگیری، عێڕاق لە ریزی وڵاتە هەرە ناسەقامگیرەکان
دادەنێت. بۆ نموونە، ئیندێکسی ئاشتی جیهانی، کە ئندێکسێکی موعتەبەرە، لە ساڵی
٢٠٢٢دا عێڕاقی بە حەوتەم ناسەقامگیرترین وڵاتی جیهانی داناوە. شەش وڵاتەکەی تریش هەریەک
لە ئەفغانستان، یەمەن، سوریا، روسیا، باشوری سودان و کۆنگۆی دیموکراتین. بەمجۆرە،
هێچ پێودانگێک، لەوانەی دەبنە هۆی دراوێکی بەهێز و جێگیر، لەبەرژەوەندی دیناری عێڕاقیدا
نەبووە و نییە، ئەمەش ئاماژەیەکی تری فەیک بوون یان ناواقیعی بوونی نرخی دراوی عێڕاقییە.
بەهۆی فەیکبوونی سەقامگیری دراوی عێڕاقییەوە، دابەزینی نرخی دراو دەبێتە مۆتەکەیەک
و هەڕەشە لە مانەوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق دەکات.
پرسیارێکی تر ئەوەیە کە بۆچی ئەمریکییەکان رێگرن لە دابەزینی دراوی عێڕاقی؟
هۆکارەکەی سادەیە، عێڕاق دەوڵەتێکی کرێخۆر (بەرخۆرە) و وەک هەر دەوڵەتێکی کرێخۆریش،
دابەزینی نرخی دراوی نیشتیمانی کاریگەری وێرانکەر لەسەر ئەو کۆمەڵگایە دەبێت و رەنگە
بیخاتە ئاستانەی داروخان و پارچەبوون. ئەمەش رێک ئەو دێوەزمەیە کە ئەمریکییەکان نایانەوێت
بیبینن. تێزی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی دابەزینی نرخی دراو ئەگەر جارێک بۆ کۆمەڵگا
بەرخۆرییەکانی جیهان راست بێت، ئەوا چەندینجار بۆ عێڕاق راستە.
راگەیاندنە فەرمییەکانی حکومەتی عێڕاقی ژمارەی موچەخۆرەکانی حکومەتی عێڕاقی
(بێجگە لەهی هەرێمی کوردستان) بە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس مەزەندە دەکەن و هەندێکیش بە
١١ ملیۆن موچەخۆری دەخەمڵێنن. ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی عێڕاق بە ٤٢ ملیۆن کەس بخەمڵێنرێن
و شەش ملیۆنەکەی هەرێمی کوردستانی لێدەربکەین، ئەوا بەگشتی لەهەر چوار عێڕاقی یەکێکییان
موچەخۆرن، بەو پێیەش لەهەر خێزانێکی عێڕاقیدا لانی کەم موچەخۆرێک هەیە. ئەمەش عێڕاق
دەخاتە خانە وڵاتە سوپەر-بەرخۆرییەکان.
لەم دۆخە سوپەر بەرخۆرییەدا، دابەزینی بەهای دینار بەهەر رێژەیەک بێت، بەهەمان
رێژە بەمانای هەژاربوونی نزیک بەسەرجەم خانەوادەکانی عێڕاق دێت. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە
دەبێت کە عێڕاق لە ٢٠٢٠دا بڕی ٤٧ ملیار کاڵای هاوردە کردووە و بڕی ٥٨ ملیاریشی هەناردەکردووە.
نەوت ٩٩٪ی کۆی هەناردەی عێڕاق و زیاتر لە ٩٢٪ی بودجەی حکومەتیش پێک دێنێت. بەواتایەکی
تر، جگە لەنەوت عێڕاق هیچی نییە هەناردەی بکات، بەڵام ناچارە بەرێژەی ٨٠٪ داهاتی نەوتەکەی
کاڵا هاوردە بکات. لەدۆخێکی وادا، چەندە بەهای دینار نزم بێت هێندەش تێچووی هاوردەکردن
زیاتر و داهاتی هەناردەکردن و بودجەی حکومەتیش کەمتر دەبێت. بۆیە، پرسی بەرزراگرتنی
نرخی دراو بۆ حکومەتی عێڕاقی دەبێتە پرسێکی چارەنووسساز و ئەولەویاتی کاری ئەو
حکومەتە.
مۆتەکەی عێڕاقی، هەر لێرەوە سەرچاوە ناگرێت. رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی هەیە،
کە پارەی فرۆشی نەوت راستەوخۆ نایەتە ناو بانقەکانی عێڕاقەوە، بەڵکو دەچێتە بانکی
ناوەندی ئەمریکی و لەوێشەوە رۆژانە بڕێکی دیاریکراوی دۆلار دەگوازرێتەوە بۆ بانکی
ناوەندی عێڕاقی. ئەمەش دوو لێکەوتەی ترسناکی بۆ حوکمڕانە عێڕاقییەکان لێکەوتۆتەوە.
یەکەم، هەمیشە چارەنووسی دیناری عێڕاقی و بەهاکەی لەدەست ئەمریکییەکاندایە و ئەوان
دەتوانن بڕیار لەسەر نرخەکەی بدەن. هەروەک چؤن لە چەند هەفتەی رابردوو، وەک سزایەک
لەبەرامبەر کارئاسانی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە ئێران، ئەمریکا بڕیاری دا ناردنی پارەی
فرۆشی نەوت لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلارەوە کەم بکات بۆ ١٠٠ ملیۆن و سەرەنجام دینار کەوتە
ناو ئەو گێژاوەی ئێستای. بۆیە، تاقمی حوکمڕان لە عێڕاقدا هەرگیز ناتوانن رایەڵەی سەرەکییەکانی
لەگەڵ ئەمریکا بپچڕێنێت و و بەتەواوی
دژی بەرژەوەندییەکانی بوەستێتەوە.
لێکەوتەی دووەمیش ئەوەیە عێڕاق نەختینەی پێویستی نییە. نەبوونی نەختینە لەهەر
وڵاتێکدا، جگە لەوەی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر بەهای دراودا سنووردار دەکات، دەستی وڵاتگەلی
تریش، بەتایبەتی زلهێزەکان، ئاوەڵا دەکات تا یاری بەنرخی دراوی ئەو وڵاتەوە بکەن،
هەروەک لەمانگی رابردوودا بینیمان. بەکورتی، ئەوەی لە عێڕاقدا هەیە بەتەنها قەیرانی
دراو نییە، بەڵکو قەیرانی سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتەیە.
153 جار خوێندراوەتەوە